سەرۆککۆماری قەزاقستان : دۆخی ووڵات لە ژێر کۆنترۆڵ دایە

پەیامی کورد     ...   سەرۆککۆماری قەزاقستان  : دۆخی ووڵات لە ژێر کۆنترۆڵ دایە

سەرۆککۆماری قەزاقستان ڕایگەیاند، فەرمانی دەستووری بەشێوەیەکی سەرەکی لە هەموو ناوچەکانی ووڵاتدا بەڕێوەدەچێت و دەسەڵاتدارانی ناوخۆش کۆنترۆڵی دۆخەکەیان كردووە.

تایبەت بە پرسی خۆپیشاندانەكان و ڕەوشی قەزاقستانەوە، بەیانی ئەمڕۆ قاسم جۆمارت تۆکایف، سەرۆکی قەزاقستان بەبەشداری سەرکردایەتی ئیدارەی سەرۆکایەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.

بە پێی ڕاپۆرتێک ، ڕاگەێندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكە بڵاو کراوەتەوە و تێیدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان کاری چڕوپڕ دەکەن فەرمانی دەستووری بە شێوەیەکی سەرەکی لە هەموو ناوچەکانی ووڵاتەکەدا کراوەتەوە و دەسەڵاتە خۆجەیی یەکان کۆنتڕۆڵی دۆخەکەیان كردووە.

لە قەزاقستان خۆپیشاندانی جەماوەری لە سەرەتای ساڵی نوێوە دەستیپێکرد، کە دانیشتوانی شارەکانی جاناوزین و ئاکتاو لە مەنگیستاو، کە ناوچەیەکی بەرهەمهێنانی نەوتە لە ڕۆژئاوای قەزاقستان، ناڕەزاییان دەربڕی لە بەرامبەر گرانی نرخی گازدا.

لە چەندڕۆژی ڕابردوودا، خۆپیشاندانەکان بۆ شارەکانی تر بڵاوبووەوە، لە ئەلما عەتا، گەورەترین شار و یەکەم پایتەختی ووڵات، پێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکاندا دروستبوو،  پۆلیس گازی فرمێسكڕێژی تووندیان بەكارهێنا.

سەرەڕای ڕازیبوونی دەسەڵات بە دابەزینی نرخەکان بۆ ئاستی پێشوویان، بەڵام خۆپیشاندانەکان ئارام نەبوونەوە، بەڵکوو بۆ ناوچەکانی دیکەی ووڵات درێژکرانەوە و ئەمەش وای لە سەرۆکی ووڵات كرد، باری نائاسایی لە چەند شارێك ڕاگەیاند، لە ناویشیاندا نوور سوڵتانی پایتەختە.


ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە