سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن کۆدەبێتەوە

پەیامی کورد      ...    سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئوردن کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە 5 ی ئەیلولی 2021 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە عەبدۆلمۆنعێم ئەلعۆدات سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن و شاندێکی یاوەری کرد .

سەرۆکی پەرلەمانی شانشینی ئوردن، ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکی دۆستانەی بەهێز لە نێوان ووڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان هەیە و ستایشی ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمیشی کرد لە بواری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە دەکرێ ببێتە نموونە بۆ تەواوی عێراق.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی بۆ هەڵوێستی دۆستانەی شا عەبدۆڵلا و شانشینی ئوردن دەربڕی کە بەردەوام پشتیوانی لە گەلی کوردستان کردووە بە تایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشدا.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرینگی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردن لە هەموو بوارەکاندا کرایەوە، بەتایبەتی لە بواری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و برەودان بە دەرفەتەکانی وەبەرهێناندا.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە