سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی دەکات

پەیامی کورد     ...   سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 9ی ئاداری 2022 مەسروور بارزانى سه‌رۆكى حکوومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مریكى کرد به‌ سه‌رۆكایه‌تى مەتیۆ توله‌ر باڵیۆزى ئه‌مریكا لە عێراق.

شاندەکە له‌ جەنەراڵ جۆن برێنان فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عیراق و سووریا، جینیفه‌ر گاڤیتۆ جێگری یاریدەدەرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروبارى عیراق و ئێران، ئیتان گۆڵدریچ جێگری یاریدەده‌رى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بۆ كاروبارى ڕۆژهەڵاتی نزیک و ووڵاتانی سووریا، لوبنان و ئوردن،  ڕۆبەرت پاڵادینۆ كونسوولى گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسی دیکەی پێکهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا، دوایین گۆڕانکاری و پێشهاته‌كانى پرۆسه‌ى سیاسى عێراق وبارودۆخى سووریا و ناوچەکە تاووتوێ کرا.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی حکوومەت، جەختی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم بڕیارە، پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە و خزمەت بە بەرژوەندیی هاووڵاتییان و سەقامیگریی و ئارامیی و ئاسایشی عێراق ناکات. سەرۆکی حکوومەت، ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی دانوستان و لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی.
شاندی ئەمریکی پشتیوانی خۆیان بۆ بەردەوامی سەقامگیری ئابووری و سیاسی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

هەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش و گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی كۆبوونەوەکە بوون .


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە