سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەکات

 

پەیامی کورد    ...   سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 29 ی ئایار، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، سەردانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری کرد و لە لایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی حکوومەت بە ئامادەبوونی ئەنجوومەنی وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوبەرە گشتییەکان و سەرۆکەکانی شارەوانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کاروباری شارەوانی و گەشتوگوزاری کرد.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، کورتەیەکی دەربارەی کار و پڕۆژەکانی وەزارەت و پلانەکانیان بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و باشتر جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

پاشان سەرۆکی حکوومەت، لە ووتەیەکدا ئاماژەی بە ئامانجی سەردانەکەی کرد کە بەشێکە لە بەرنامەی سەردانەکانی بۆ گشت وەزارەتەکان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە کار و پڕۆژە و پلانەکانی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییان بکەن. سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە دەبێ بەرپرسانی حکوومەت، وەک یەک تیم کار بکەن لە پێناو جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت کە ئامانجی سەرەکی خزمەتکردنی هاووڵاتییانە بە شێوەیەکی شایستە و ڕاییکردنی کارەکانیانە بە خێرایی و دوور لە هەموو ڕووتینێک.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرینگی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار دا کە یەکێکە لەو وەزارەتانەی پەیوەندییەکی زۆری بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانەوە هەیە، بۆیە بەرپرسانی وەزارەتی ڕاسپارد کە هەموو هەوڵ و کۆششی خۆیان بخەنەگەڕ لە پێناو باشتر جێبەجێکردنی کار و ئەرکەکانیان .

سەرۆکی حکوومەت، ئاماژەی بەگرینگی کارکردن لە سەر بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار و بایەخدان بە شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، کە دەکرێ ببێتە سەرچاوەیەکی گرینگی داهاتی هەرێمی کوردستان . هەروەها باسی لە گرینگی پاراستنی ژینگە و پاک و خاوێنی شار و ناوچەکانی کوردستان کرد کە ئەرکی هەموو هاووڵاتییانی کوردستانە بەرپرسیارانە مامەڵە لە گەڵ ژینگەی کوردستان بکەن، چوونکە پاراستنی پاک و خاوێنی ژینگە، پاراستنی ژیانە.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها جەختی لە پێویستی و گرینگی زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لە پێناو دابینکردنی ژینگەیەکی تەندرووست. بۆ ئەم مەبەستەش، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە داڕشتنەوەی ماستەرپلانی شارەکان و شێواز و پێکهاتەی فراوانکردنیان، مەرج و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ژینگە و تەندرووستی و سەوزایی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە بەرچاو بگیرێت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چەندین سەرنج و تێبینی و پێشنیار لە لایەن ئامادەبووانەوە بە مەبەستی پێشخستنی زیاتری دامەزراوەکانی حکومەت و خزمەتکردنی هاووڵاتییان خرانەڕوو.


ئەم بابەتە 11998 جار خوێندراوەتەوە