سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەولێر و دهۆک دەکات

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەولێر و دهۆک دەکات

یەکشەممە 12-1-2025 ڕێزدار  مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوای هەردوو شاری هەولێر و دهۆک.

ڕێزدار سەرۆکی حکومەت ئاماژەی دا بەوەی پرسی ژینگەپاریزی بەشێکی گرینگی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە ئەرک و خەمی هەموومان بێت و دەبێت ژینگە و سرووشتی جوانی کوردستان بە پاکی ڕابگرین و پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگە، ئەرکی هەموو لایەکمانە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە پاراستنی تەندرووستی هاووڵاتییان و ژینگەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی کەش و هەوا، بەلای ئێمەوە زۆر گرینگە و ئەرکێکی لەپێشینەی حکوومەتە و لەمبارەیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پیسبوونی هەوا و ژینگە و سزادانی سەرپێچیکاران بگرنەبەر .

لەمبارەیەوە بڕیار درا:

یەکەم : لە ئەمڕۆوە هەر پاڵاوگەیەک، یان هەر کارگەیەک کە لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەکان کار بکات و ببێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

دووەم : ڕێگە لە هەر پاڵاوگەیەک یان هەر کەس و لایەنێک دەگیرێت کە سووتەمەنی پیسی ئوتومبێل بەرهەم دێنێت یان بە قاچاخ دەیهێنێت و زیانی تەندرووستی هەیە. هەروەها دەبێ سنوورێک بۆ سووتانی گازی هاوەڵ (الغاز المصاحب) لە کێڵگە نەوتییەکان دابنرێت.

سێیەم : دەبێ خاوەنی موەلیدەکانی کارەبا، پابەندی ڕێنماییەکانی حکوومەت بن و فیلتەریان بۆ دەنگ و پیسی هەبێت و هەر کەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

چوارەم : ڕێگری لە بەکارهێنانی ئاوی پیس و ئاوەڕۆکان بکرێت کە بۆ ئاودانی سەوزە و ئاودێری بەکاردەهێنرێت


ئەم بابەتە 58 جار خوێندراوەتەوە