سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانی کرد

پەیامی کورد   ...  سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنانی کرد

سێشەممە 10/17 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت، ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنان و پێشخستن و ڕاکێشانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و نەهێشتنی بەربەست و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کرا.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتیکردەوە کە هەموو هەوڵێک دەدەین تاکوو هەموو بەربەستە یاسایی و بیرۆکراسییەکان لە بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان هەڵگرین. لەم ڕووەوە کاری زۆر کراون، بەڵام کاری زۆرتریش دەکەین بۆ ئەوەی ئاسانکاری زیاتر بۆ وەبەرهێنەران بکرێت.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە وەبەرهێنان، پێویستی بە سیستەمێکی بانکی کارا و باوەڕپێکراو هەیە، بۆیە دەستمان بە ئەنجامدانی پرۆسەیەکی چاکسازی لە بواری سیسته‌می بانکی و بەدیجیتاڵ کردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان کردووە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لە بازاڕێکی پشت بەستوو بە پارەی کاش، بەرەو بازاڕێکی خاوەن سیستەمێکی بانکی باوەڕپێکراوو سەرەنجام ئابووری هەرێم زیاتر ببووژێتەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا و دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، چەندین بڕیار لە بارەی نەهێشتنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دران.


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە