سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا کۆدەبێتەوە

پەیامی کورد   ...  سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ هەینی ٢٣ ی دیسەمبەر، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پێشوازی لە جۆرجا مێلیۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا کرد.
پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتالیا کرا.
سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەولێر نیشاندا و ئاماژەی بە دۆستایەتی بەهێزی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتالیا کرد و دۆخی بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان و بە تایبەتی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی لە پاراستنی کریستیانەکان بەرز نرخاند. خواستی ووڵاتەکەشی بۆ هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە.
سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا هەروەها بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی سەردانی ئیتالیا بکات.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی ئیتالیای کرد کە ڕۆڵێکی گرینگی لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە تایبەتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش . ووتیشی سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، ئاماژەیەکی گرینگە بۆ بەهێزی دۆستایەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتالیا.
چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرینگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی بەتایبەتی بازاڕەکانی ئەورووپا بەڕووی بەرووبوومی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور، بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەش و هەوا لە سەر ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق ، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.
باشان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا ، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا، جەختی لەوە کردەوە کە ئیتالیا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و کارو چالاکییەکانی کونسووڵخانەی ووڵاتەکەشی لە هەولێر بەرفراوانتر دەکات.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دووپاتی کردەوە کە هاتنی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا ، دل گەرمی و پشتیوانییەکی بەهێزە بۆ خەڵکی کوردستان و هیوای خواست، پەیوەندی نێوان هەردوولا لە هەموو بوارەکاندا پەرە بسەنێت.


ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە