سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدرال کۆبووەوە
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدرال کۆبووەوە
ئه‌مڕۆ شەممە 23ی تەمموز، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، له کۆشکی حکوومی لە به‌غدا لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدرال مستەفا کازمی کۆبووەوە.
له میانه‌ی دیداره‌كه‌دا، گفتوگۆ له‌باره‌ی ته‌واوی دۆسییه نیشتمانییه‌كان و ئەو پرسانه کرا کە بۆ ژیانی هاووڵاتیان گرینگن، هەروەها پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییەکان و ڕێگه‌كانی به‌رده‌وامیدان به كاری هاوبه‌ش له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا تاووتوێ کران، به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه ئاسایشی خۆراك بۆ ته‌واوی عێراقییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات و به‌رده‌وامی به دابینكردنی شایستەکانیان بدات و ژیانێكی سەربەرزانەیان بۆ گه‌ره‌نتی بكرێت.
هه‌ردوولا به تووندی ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیایان بۆ سه‌ر خاكی عێراق سەرکۆنە و ئیدانه كرد، به‌تایبه‌ت هێرشی ئه‌م دواییه، كه به‌هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی بێ تاوان بوونه قوربانی، جه‌ختیش له گرینگی ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دیدگایه‌كی یه‌كگرتوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ده‌ستدرێژییه و لێكۆڵینه‌وه له هۆكارەکانی كرایه‌وه، به‌و ئاراسته‌یه‌ی كه سه‌روه‌ری عێراق بپارێزرێت و كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێت، له ئاینده‌دا پێشێل نه‌كرێت.
هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی له نێوان هێزه ئه‌منییه‌كانی فیدراڵ و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و گرینگی به‌رده‌وامیدان به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش و ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی دیكه کرا، ئه‌مه‌ش له‌پێناو دڵنیابوونه‌وه له‌وه‌ی جارێكی دیكه نه‌بنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی عێراق.
له دیدارەکەدا ڕێگه چاره‌كان بۆ لێکەوتەکانی ته‌حه‌دیاتی ئابووری تاووتوێ كران، كه جیهان و ناوچه‌كه پێیدا تێ دەپەڕن ، هه‌روه‌ها گرینگی ڕه‌خساندنی دۆخێكی گونجاو بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری، له‌مباره‌شه‌وه جه‌خت له گرینگی به‌هێزكردنی میكانیزمه‌كانی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له نێوان حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه، له‌پێناو باشكردنی ژینگه‌ی كار، ڕاكێشانی وه‌به‌رهێنەران و فراوانكردن و زیاترکردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ڕێککەوتن كرا له‌سه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی دانووستانه‌كانی نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌رده‌وامیدان و درێژەدان به كاركردن له‌پێناو گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێکی هاوبه‌ش و گەیشتن بە حاڵه‌تێكی یەکگرتوو لە بەڕێوەبردنی دۆسیه‌ی نەوتدا، بە شێوەیەك کە بەرژەوەندی باڵای گەلی عێراق بەدەست بهێنێت.
له كۆتایی دیداره‌كه‌دا، سه‌رۆك وه‌زیرانی فیدرال، جه‌ختی له‌سه‌ر گرینگی كاركردن به گیانی یه‌ك تیمی و گرینگی‌دان به شتە هاوبه‌شەکان کردەوە به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئاسایش و سه‌قامگیری و به‌ره‌وپێشچوون بۆ گه‌لی عێراق به هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه دابین بكات.
ئەم بابەتە 11989 جار خوێندراوەتەوە