سەرۆکی حکوومەت : توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتی، بەبێ قەرزکردن تێپەڕێنین

پەیامی کورد    ...   سەرۆکی حکوومەت : توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتی، بەبێ قەرزکردن تێپەڕێنین

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بە سەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ووتارێکدا ڕایگەیاند، کە هەر لە دوای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە، هەرێمی کوردستان و جیهان بەگشتی، ڕووبەڕووی قەیرانێکی تەندرووستی بووەوە کە بڵاوبووبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، سەرئەنجام قەیرانی دارایی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش دەرهاویشتەکانی هەر ماون. حکوومەتی فیدراڵیش، جگە لە چەند مانگێکی کەم نەبێت، بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ تەواوکاری مووچە، کە ٢٠٠ ملیار دینار بوو، نەنارد. هەروەها چەندین هەوڵی دەرەکی و ناوخۆییش بۆ پەکخستنی حکوومەتەکەتان درا. بەڵام حكوومەت، توانی لە ڕێگەی پلان و بەرنامە و چاکسازییەکانیەوە، تاڕاددەیەکی باش ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت.

ئەمەش دەقی ووتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە :

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

کوردستانییانی بەڕێز

ئەم کاتەتان باش

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بە سەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێویستم زانی ئەم ووتەیەتان پێشکەش بکەم و باس لەوە بکەم کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، چیمان کردووە و دەسکەوتەکانی ئەم کابینەیە چی بوون. هەروەها باس لە پلان و بەرنامەی داهاتوومان دەکەین .

لێرەدا زۆر گرینگە ئاماژە بەوە بدەم کە هەر لە دوای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە، هەرێمی کوردستان و جیهان بەگشتی، ڕووبەڕووی قەیرانێکی تەندرووستی بووەوە کە بڵاوبووبوونەوە و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو ، سەرئەنجام قەیرانی دارایی لێکەوتەوە کە تا ئێستاش دەرهاویشتەکانی هەر ماون. لە هەمانکاتدا بەداخەوە، حکومەتی فیدراڵیش، جگە لە چەند مانگێکی کەم نەبێت، بڕە پارەی تەرخانکراو بۆ تەواوکاری مووچە، کە ٢٠٠ ملیار دینار بوو، نەنارد. هەروەها چەندین هەوڵی دەرەکی و ناوخۆییش بۆ پەکخستنی حکوومەتەکەتان درا. بەڵام حكومەتی هەرێمی کوردستان، توانی لە ڕێگەی پلان و بەرنامە و چاکسازییەکانیەوە، تاڕاددەیەکی باش ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێت.

چیمان کرد:

لە بواری دارایی : توانیمان مووچە بە بەردەوامی بدەین ، ئەگەرچی هەندێک جاریش دواکەوتبێت یان چەند مانگێکی کەم، ڕێژەی مووچەکە سەد لە سەد نەبوو ، بەڵام مووچە دابەشکردن هەر بەردەوام بووە بە پێی بودجەی بەردەست.

لەم کابینەیەدا توانیمان قۆناغی سەختی بێ داهاتی، بەبێ قەرزکردن تێپەڕێنین. بۆیە نەک تەنیا هیچ قەرزێکمان نەکرد و بارگرانیی و بەرپرسیارییەتیمان بۆ نەوەکانی داهاتوو دروست نەکرد، بەڵکوو قەرزەکانی حکوومەتیشمان کەم کردەوە و لەم ماوەیەدا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار قەرزمان داوەتەوە.

لە ئەنجامی چاکسازی لە هەردوو بواری دارایی و کارگێڕی، داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەیەکی بەرچاو و تا ئاستی %١٠٠ زیادی کردووە.

لە ڕووی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان ، کارمان بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات کردووە :

زۆرترین خەرجی لە دوای ساڵی ٢٠١٤ لە بواری جادەو ڕێگەوبان بووە.

هەروەها لەم کابینەیەدا بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و وەبەرهێنان لە بواری کشتوکاڵی، زۆر زیادی کردووە و بە کردەوە ، هەلی هەناردەکردنی بەرووبوومی کشتوکاڵی ناوخۆی کوردستانمان بۆ دەرەوە و دۆزینەوەی بازاڕی دەرەکی رەخساندووە و دەستیپێکردووە .

هەروەها پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی لە بواری دابینکردنی ئاسایشی خۆراک ئەنجامدراون و هەندێکیان تەواو بوون و هەندێکیشیان ئێستا لە جیبەجێکردندان.

کار بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو و دروستکردنی بەنداو و پۆند کراوە.

لە کەرتی کارەباشدا، ژێرخانی کارەبا بە هێزتر کراوە تا ڕێگە لە بەفیڕۆدانی کارەبا بگیرێت. هەروەها چەندین مێگاواتی تر خراوەتە سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی.

لە بواری گواستنەوەی گشتی، هەنگاوی کردەیی نراون بۆ کاراکردنی گواستنەوەی گشتی و درووستکردنی هێلی ئاسنین.

لە بواری کارگێڕی و بەڕێوەبردندا: چاکسازی لە سیستەمی حکومڕانی و بەڕێوەبردن لە ئاستی هەموو وەزارەتەکان کراوە. لەم ڕووەوە، زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت بەئەلیکترۆنی کراون و هەنگاوی کردەیی، بۆ درووستکردنی حکوومەتی ئەلیکترۆنی نراون. داتا سەنتەرێکی ناوەندیمان بۆ حکوومەت دامەزراندووە. هەروەها سیستەمێکی دیجیتاڵیمان بۆ ئامار و سەرژمێرکردنی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان درووستکردووە.

کارمان کردووە بۆ کەمکردنەوەی بیرۆکراسی لە فەرمانگە و دام و دەزگاکانی حکوومەت و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و وگواستنەوەی خزمەتگوزارییەکان لە ناوەندی پارێزگاکان بۆ ئاستی قەزاکان.

هەنگاومان ناوە بۆ کەمکردنەوەی گەندەڵی و بنبڕکردنی و ڕێگەگرتن لە بەفیڕۆدانی داهاتی گشتی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات.

لەم کابینەیەدا، هەماهەنگییەکی تۆکمە و بەهێز لە ناو ئەندامانی کابینە و ئەنجوومەنی وەزیران دا هەیە. زۆرترین کۆبوونەوەی حەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش کراوە بۆ گفتوگۆکردن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییان و جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت .

هەروەها پەیوەندییەکی باش لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا هەیە و وەزیران و بەرپرسانی حکومەت، زۆرترین سەردانی پەرلەمان و لیژنەکانی پەرلەمانیان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیار و خستنەڕووی ڕوونکردنەوەی پێویست بۆ پەرلەمانتاران .لە بواری گرینگیدان بە خوێندن وپەروەردە : جگە لە بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست و نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی چەندین قوتابخانە وپەرەپێدان بە خوێندنی ئانلاین و فراوانکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی و خوێندن لە نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکە، بۆ باشترکردنی کوالێتی پەروەردە و خوێندنی باڵاش، )دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا)مان دامەزراندووە .

لە بواری هۆشیاری کۆمەڵایەتی:

زۆرترین زانیاری و ڕوونکردنەوەمان لە بارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی حکوومەت بڵاوکردووەتەوە . هەروەها کارمان کردووە بۆ فراوانکردنی مەودای ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین و زەمینەسازکردن بۆ دروستبوونی ڕاگەیاندنێکی بەرپرسیار لە هەرێمی کوردستان.

بەردەوام بووین لە پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.

هەوڵی بەردەواممان داوە بۆ نەهێشتنی تووندوتیژی و جیاوازی ڕەگەزی و بەهێزکردنی پێگەی ئافرەت.

گرینگیمان داوە بە بواری ژینگەپارێزی و بەکارهێنانی وزەی سەوز وژینگەدۆست.

*لە بواری بەرگری و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی : یەکەمجارە لەم کابینەیەدا، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە چووەتە بواری کردەییەوە.

بەردەوام بووین لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پووچەڵکردنەوەی هەوڵی تیرۆریستی و دەستگیرکردنی تاوانباران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و گرینگیدان و پشتیوانیکردنی ڕۆڵی دادگاکان بۆ سزادانی سەرپێچیکاران.

سەردانی مەیدانیمان کردووە بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە بۆ بەهێزگردنی هێڵەکانی بەرگری لە بەرامبەر تیرۆریستان .

هەر لەم ڕۆژانەش هەڵمەتی ڕاماڵینی چەکی بێ مۆڵەت دەستی پێکردووە .

لە بواری پەیوەندی لە گەڵ حکوومەتی فیدرالی : لە چوارچێوەی سیاسەتمان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پارێزگاریکردن لە ماف و شایستە دەستوورییەکانمان، زیاترین هەوڵمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان داوە و بەردەوامیش شاندی حکوومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆو گەیشتن بە چارەسەرێک لە سەر بنەمای دەستوور ، سەردانی بەغدای کردووە و لە هەوڵەکانمان بەردەوامین.

لە بواری دیپلۆماسی وپەیوەندی نێودەوڵەتیدا : کارمان بۆ پەرەپێدان و بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندییانە کردووە و لە سەردانەکانمان بۆ ووڵاتانی هەرێمی و عەرەبی و ئەورووپایی و لە کۆڕ و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا، هەڵوێستی هەرێمی کوردستانمان ڕوونکردووەتەوە و پەیوەندییەکانمان پتەوتر کردووە.

پلان و بەرنامەکانمان بۆ ماوەی داهاتوو ئەمانەن ؟

بەردەوامیدان بە سیاسەتی هەمەجۆرکردنی ئابووری وسەرچاوەکانی داهات و گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ .

زیادکردنی بەنداوەکان و بەردەوامیدان بە کارکردن لە سەر پاراستنی ئاسایشی ئاو.

دامەزراندنی سیستەمێکی ژینگەدۆست بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خاشاک و زبڵ لە شارەکانی هەرێمی کوردستان .

زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە بەکارهێنانی وزەی خۆر وگازی بەفیڕۆدراو و ئەو سەرچاوانەی کە نرخی بەرهەمێنانی کارەبا کەم دەکاتەوە.

بەردەوامبوون لە سەر پاڵپشتیکردنی گەنجانی کوردستان بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژەی بچووک بە مەبەستی درووستکردنی هەلی کاری زیاتر.

بەکارخستنی سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکی، بۆ بەهێزکردنی ئاڵۆگۆڕکردنی بازرگانی و جووڵەی بازاڕەکان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان.

فراوانکردنی خزمەتگوزاری ناو شارەکان و زیادکردنی ڕووبەڕووی سەوزایی و تایبەتمەندییە ژینگەییەکان لە شارەکان.

پەرەپێدان و زیاترکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەتەکان.

باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە گوندەکان و شارۆچکەکان، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئەوێ ڕوو لە شارە گەورەکان نەکەن.

بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆ و سنوورەکان و بەردەوامبوون لە سەر ئەوەی نابێت هەرێمی کوردستان وەک هەڕەشە و پێگەیەکی هێرشکردن بۆ سەر هیچ ووڵاتێک بەکاربهێندرێت.

ئەمانە ئاماژەدانێکی خێرا و کورتەیەکی چەند تەوەرێکی گرینگی دەسکەوتەکان بوون، کە وەزیرە بەڕێزەکان، ووردەکاری زیاتری لەمبارەیەوە دەخەنەڕوو.

کوردستانییانی خۆشەویست:

ئێوەی هاووڵاتییانی کوردستان، سەنتەری گرینگیپێدانی ئەم کابینەیەن و دڵنیابن هەموو هەوڵێک دەخەینەگەڕ، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە، خزمەتتان  بکەین و لە ئاست خواست و داخوازییەکانی ئێوەدا بین.


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە