سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێچی و کەم دەرامەتان دەکات​​​​​​​

پەیامی کورد    ...  سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێچی و کەم دەرامەتان دەکات

ئەمڕۆ سێشەممە ٣١ ی ئایار ، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و ڕێکارەکانی جێبەجێکردن و درووستکردنی ئەو بیست هەزار یەکەی نیشتەجێبوونە کرد کە بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەت بڕیارە بۆ کرێنیشینان و کەم دەرامەتان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری کەرتی تایبەت درووست بکرێن.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون ، سەرۆکی حکوومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە لە زووترین کاتدا، دەست بە ڕێکارەکانی درووستکردنی ئەو یەکانە بکرێت کە بە نرخێکی کەم و قیستی درێژخایەن و بە کوالیتیەکی باش دەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی تەواوکردنی ئەو ٩ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەش کرا کە چەند ساڵێکە دەست بە دروستکردنیان کراوە و تا ئێستا تەواو نەکراون. سەرۆکی حکوومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، لە ماوەیەکی نزیکدا، ڕێکارەکانی تەواوکردنی ئەو یەکانە تاووتوێ بکەن.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە