سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز دەکات

پەیامی کورد    ...  سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣٠ ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت و گاز، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز کرد کە یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەیە لە دوای هەموارکردنی یاسای نەوت وگاز.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ کاروباری نەوت وگاز ئامادەی بوو، گفتوگۆ دەربارەی داهات و خەرجییەکانی نەوت بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ کرا.

لە بڕگەیەکی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، داهاتی گشتی بەدەستهاتوو لە هەناردەکردن و فرۆشتنی نەوت خرایەڕوو کە بریتییە لە کۆی گشتی نەوتی بەرهەمهاتوو و هەناردەکراو و بەکارهێنراوی ناوخۆیی و تێکڕای نرخی یەک بەرمیل نەوتی فرۆشراو لەو ماوەیەدا .

دواتر چۆنیەتی خەرجکردنی داهاتی بەدەستهاتوو لەم ماوەیەدا خرایەڕوو کە بۆ دابینکردنی مووچەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ خەرج کراوە، حکوومەتی هەرێم لە داهاتی نەوت پارەی پێویستی بۆ دابینکردنی مووچەی تەواوی شەش مانگی ساڵی ٢٠٢٢ی دابین کردووە، *لە کاتێکدا حکوومەت فیدرالی بۆ  شەش مانگی ساڵی٢٠٢٢ دەبووایە ترلیۆنێک و دووسەد ملیار بنێرێت بەڵام تەنیا دوو مانگ لەو ماوەیەدا بڕە پارەی ناردووە کە تەنیا ٤٠٠ ملیار دینارە. بەڵام حکوومەت مووچە هەموو مانگێکی لە داهاتەکانی نەوت و ناوخۆی هەرێم دابین کردووە و هەموو مانگ مووچەی دابەش کردووە*.

پاشان خەرجییەکانی دیکەی حکوومەت تاووتوێ کرا ، جگە لە خەرجی مووچە کە لە داهاتی نەوت دابینکراوە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ وا بڕیاریشە لە هەفتەی داهاتوو ڕاپۆرتی ووردبینی دیلۆیت لەسەر ئەم ئامار و زانیاریی وژمارانە بۆ ڕای گشتی بخرێتەڕوو، کۆبوونەوە جەختی کردەوە لەسەر برەودان بە شەفافیەت لەم بوارەدا و هەرێم سەرجەم زانیاریی وژمارەکانی بۆ حکوومەتی فیدڕاڵی و تەنانەت ڕای گشتی هەرێم وعێراق و دەرەوەش خستووەتەڕوو وبەردەوامیش دەبێت و دوایین ڕاپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغداش تایبەت بە ووردبینی داهات وخەرجی وقەرز و میلاکی وەزیفی لە هەرێم بەڵگەی ئەم ڕاستیەن.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە، بریتی بوو لە خستنەڕووی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تایبەت بە ناکۆکیی نەوت وگاز و ئامادەکارییە یاساییەکانی حکوومەتی هەرێم پشتبەست بە دەستوور بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی حکوومەتی فیدراڵ و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ. کۆبوونەوەکە جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە و دووپاتیشی کردەوە کە؛ شاندی دانوستانکاریی هەرێم ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات بۆ گفتۆگۆكردن لە‌سە‌ر كێشە‌كان.

 


ئەم بابەتە 11993 جار خوێندراوەتەوە