سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ شاندی دانووستانکاری هەرێم کۆبووەوە

پەیامی کورد   ...  سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ شاندی دانووستانکاری هەرێم کۆبووەوە

یەکشەممە 10/22، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابووری کۆبووەوە، کە هەفتەی ڕابردوو بە مەبەستی خستنەڕووی ژمارە و زانیاری درووست لەسەر تەوەرەکانی پەیوەندیدار بە دۆخی دارایی و بوودجە و مووچەی هەرێم، ئامادەی کۆبوونەوەی هاوبەشی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم ئامادەی بوون، تیمی حکوومەت کورتەیەکیان له‌بارەی ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا خستەڕوو، ئاماژەیان بەوە دا کە ڕوونکردنەوەی تەواویان بە داتا و زانیاری وردەوە پێشکەش کردووە و لە ئەنجامدا تێگەشتنێکی ئەرێنی هاوبەش درووست بووە لە نێوان ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی مووچە لە پێوەری خەرجی ڕاستەقینە وەک شایستەی قانوونی مووچه‌خۆر و دوورخستنەوەی لە ململانێ سیاسییەکان، بەم ئاراستەیەش لە کۆبوونەوەکەدا، میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەری ئەم بابەتە خرایەڕوو.

سەرۆکی حکوومەت وێڕای دەستخۆشی کردن لە تیمی حکوومەتی هەرێم، دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدرالی هەرێم. ووتیشی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کاری لەپێشینەی ئەنجوومەنی وەزیرانە و لەم پێناوەشدا، حکوومەتی هەرێم، بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرک وپابەندییە دەستوورییەکانی خۆی، لە بەرانبەریش دا چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی فیدڕاڵە کە شایستە داراییەکانی هەرێم لەپێش هەمووشیانەوە تەرخانکراوی مووچە وەک لە خشتەکانی بوودجەی عێراقدا هاتووە بۆ هەرێم خەرج بکات، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت تیمی دانووستانکاری ڕاسپارد، لە نزیکترین دەرفەتدا و لەبەر ڕوونی دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنەکان لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە پەیوەندی بەردەوام بن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵی، تا گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوسەنگ و گونجاو.


ئەم بابەتە 11984 جار خوێندراوەتەوە