سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا كۆبووەوە

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا كۆبووەوە

مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد کە لە ئەندامانی کۆنگرێس ئادەم سمیس، مایکل باومگارتنەر، سارا جاکۆبس، وێسلی بێڵ، جۆرج وایتسایدز و شاندی یاوەریان پێکھاتبوو.

لە کۆبوونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتی عێراق و ناوچە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا ئاڵوگۆڕ کرا.

شاندی کۆنگرێس کورتەیەکیان لەبارەی ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بە پێگەی گرینگی ھەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە کرد و پشتیوانی ئەمریکایان بۆ ھەرێم دووپات کردەوە.

سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھاوکاری و پشتگیری بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربڕی. ھەروەھا تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێم لە بوارەکانی ووزە و کارەبا و سیستەمی بانکی.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، ھەردوولا جەختیان لە پێویستی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا کردەوە.

پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، گرینگی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا گۆڕانکارییەکانی سووریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوون.


ئەم بابەتە 36 جار خوێندراوەتەوە