سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ كردنەوەی پڕۆژەی ئاوی هەولێر پڕۆژەی ڕیسایكلین كردنی ئاویشی ڕاگەیاند
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ كردنەوەی پڕۆژەی ئاوی هەولێر پڕۆژەی ڕیسایكلین كردنی ئاویشی ڕاگەیاند
یەکشەممە 20/7/2025، له ڕێورهسمێكدا مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر كردهوه.
له ڕێورهسمهكهدا سهرۆكی حكوومهت ووتارێكی گرینگی پێشكهش كرد و ڕایگهیاند، زۆر خۆشحاڵم جارێكی تر لێرە لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستین بۆ كردنەوەی بەشی یەكەمی پڕۆژەیەكی زۆر ستراتیژی و گەورە، ئەویش پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوە بۆ شاری هەولێر.
دهقی ووتارەكەی سهرۆكی حكوومهتی هەرێمی كوردستان:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان زۆر زۆر بەخێر بێن
زۆر خۆشحاڵم جارێكی تر لێرە لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستین بۆ كردنەوەی بەشی یەكەمی پڕۆژەیەكی زۆر ستراتیژی و گەورە، ئەویش پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاوە بۆ شاری هەولێر.
لە چەند ساڵی رابردوو هەستمان دەكرد كە قەیرانی ئاو قەیرانێكی جددییە و خەڵك بەدەستیەوە دەناڵێنێت، لە لایەكەوە گۆڕانكاریی كەشوهەوا و نەبارینی باران، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و فراوانبوونی شاری هەولێر، وایكرد كە قەیرانی ئاو ببێت بە قەیرانێك، پێویست بوو بیری جددی لێ بكرێتەوە كە چارەسەر بكرێت. هەر ئەمەش وایكرد من داوام كرد لە كاك خالید (خالید خۆشناو) كە ئەم ئەركە لە ئەستۆ بگرێت و ئەو پڕۆژەیەی كە چەندین ساڵ بوو بەداخەوە ئەنجام نەدرا لەبەر ئەوەی كە كۆمپانیای پێشتر نەیتوانی ئەركەكەی خۆی جێبەجێ بكات، من داوام كرد كاك خالید زۆر بە خۆشحاڵییەوە ئەركەكەی قەبووڵ كرد و گوتی، ئێمە ئەوەی لە تواناماندا بێت، ئینشائەڵا جێبەجێی دەكەین. بۆیە كەمتر لە ساڵێك پێش ئێستا ئێمە لێرە بووین و بەردی بناغەی ئەم پڕۆژە ستراتیژییەمان دانا.
ئەم پڕۆژەیەی ئێستا ئێمە بەشی یەكەمی دەكەینەوە كە بەڕاستی لە كاتێكی پێوانەیی، بە باشترین شێواز، لە لایەن كۆمپانیایەكی خۆماڵی، ئەندازیاری خۆماڵی، دیزایینی خۆماڵی و ئەوەی بیستم زۆربەی كەرەستەكانی بەكارهاتووش خۆماڵین، ئەم پڕۆژەیەیان جێبەجێ كردووە. ئەمە جێی دەستخۆشییە و جێی شانازییە.
من جارێكی تریش دەمەوێ بە هەموو خەڵكی كوردستان و بە تایبەتی خەڵكی هەولێری خۆشەویست بڵێم كە كاك خالید و هێمن گرووپ بوونەتە شانازی بۆ هەموومان، جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هەر سەركەوتوو بن و نموونەتان زۆر بێت.
جێی خۆیەتی من سوپاس و دەستخۆشی لە شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێریش بكەم كە ئەوانیش بە ئەركی خۆیان هەستان و بە هەموو شێوەیەك یارمەتیی ئەم پڕۆژەیەیان داوە. دەستخۆشیی لە ستافی نووسینگەی خۆیشم دەكەم كە بەردەوام بەدواداچوونیان كردووە و هەرچی پێویست بێت بۆ بەئەنجامگەیاندن و سەرخستنی ئەم پرۆژەیە، درێغییان نەكردووە.
لێرە من داوام لە خوشك و برا خۆشەویستەكانمە لە شاری هەولێر كە ئەوانیش ئەركی خۆیان بەجێ بهێنن، تكاتان لێ دەكەم ئیسراف لە بەكارهێنانی ئاو مەكەن، ئاو چەندی زۆر بێت، دەستی پێوە بگرن، پێویستیمان پێی دەبێت. ئەمە ئەركێكی هاووڵاتیانەی هەموو لایەكە كە پێویستە هەر كەسێك وەكوو خۆی یارمەتیی حكوومەت و سەرخستنی ئەم جۆرە پڕۆژە خزمەتگوزارییانەش بدات. بە زۆربوونی ئاو بێگومان لەوانەیە ئاوی زۆر بكەوێتە ناوشار و پێویستیی بە چارەسەر هەبێت. بۆ ئەمەش بەرنامەمان هەیە كە بۆ ڕیسایكلینكردنی ئەو ئاوە و دواتر بۆ بەكارهێناوەی لە باخچەكان، لە ئاودانی سەوزاییەكان، ئەم پڕۆژەیەش ئینشائەڵا بە زوویی دەخەینە كار و جێبەجێی دەكەین.
ئەمانە هەموویان ئەو پڕۆژانەن كە خەڵكی شاری هەولێر پێویستییان پێیەتی و ئەركی ئێمەشە، منەتی تێدا نییە، ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆیان جێبەجێ بكەین. حكوومەتی هەرێم هەر لە دەستپێكی كارەكانی خۆیەوە تاكوو ئێستا، هەر وەزارەتێك لە ئاستی بەرپرسیارێتیی خۆی، هەوڵی ئەوەی داوە كە حكوومەتێكی خزمەتگوزار بێت و خزمەتی خەڵكەكەی خۆی بكات، چ بابەتی ئاو و ئاوەڕۆ بێت، ڕێگەوبان بێت، كشتوكاڵ بێت، هەناردەكردنی بەروبوومی ناوخۆیی بێت، دابینكردنی كارەبای ٢٤ كاتژمێری بێت، دابینكردنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەكان بێت، بابەتی سێكتەری بانكی بێت. وەزارەتی ناوخۆ لە ڕووی یارمەتیدانی هاووڵاتیان بۆ بەڕێوەبردن و ئاسانكردنی كاروبارەكانیان، بابەتی پۆلیسی ناوخۆ، پۆلیسی ڕێگەوبانەكان چۆن بتوانن ئاستی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و باشتركردنی شێوازی لێخووڕین لەسەر شەقامەكان، ئەمانە هەموویان ڕێك بخەن، بەهەرحاڵ هەر وەزارەتێك بەپێی پێداویستیی خۆی وەكوو ئەركی سەرشانی خۆی، توانیویەتی و كاری خۆی ئەنجام داوە.
زۆرجار قسەی وا دەكرێ و پرسیار دەكەن كە حكوومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆی چی لێكردووە؟ ئێمە ناكەوینە ناو وەڵام و وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە نابەرپرسانەی كە بە ئەنقەست دەیانەوێ خەڵك چەواشە بكەن، تەنیا دەمەوێ بڵێم كە ئەم جۆرە پڕۆژانە وەڵامی ئێمەن، ئەم پڕۆژانە وەڵامی هەموو ئەو قسانەن كە خەڵكەك دەیانەوێ گومان بخەنە سەر كارە خزمەتگوزارییەكانی حكوومەتی هەرێم. ئێمە ئەم جۆرە پڕۆژانە دەكەین و بە ئەركیشیان دەزانین. ئەو شتانەی كە پێویستە هەموو خەڵك لە هەموو كوردستان هەیانبێت، ئەوەیە كە خاوەنی ئاو بن و كێشەی ئاویان نەبێت، خاوەنی كارەبای ٢٤ كاتژمێری بن، كە ئەمەش بەشێكی ترە لەو پڕۆژانەی كە ئێستا لە جێبەجێكردندان.
خۆشحاڵم كە دەبینم ئێستا هەموو شاری هەولێر و بەشی زۆری شاری سلێمانی و دهۆك خاوەنی كارەبای ٢٤ كاتژمێرین، ئێستا زیاتر لە ٢ ملیۆن كەس لە كوردستان كارەبای ٢٤ كاتژمێرییان پێ دەگات و ٨٠٪ی خەڵكی كوردستان كەمتر لە جاران پارەی كارەبا دەدەن، مەگەر یەكێك بۆ خۆی حەزی لێ بێت زیاتر كارەبا خەرج بكات.
لە بەرنامەشدایە كە لە ساڵی داهاتوو كارەبای ٢٤ كاتژمێری بە هەموو كوردستان بگات، هەرچەندە هەندێكجار دیسان قسەی وا دەكرێت بە حیساب كارەبای ٢٤ كاتژمێری لەسەر حیسابی كەمكردنەوەی كارەبایە لە شوێنەكانی تر، كە بە هیچ جۆرێك ئەمە ڕاست نییە، كارەبای ٢٤ كاتژمێری بۆ زیادكردنی كاتەكانی كارەبایە لە هەموو كوردستان، بەڵام لە هەندێك شوێن زووتر دەستی پێكراوە و هەرواشە ناكرێت هەمووی بە یەكەوە بێت، بەڵام وردە وردە هەموو كوردستان دەگرێتەوە و ئومێدمان وایە ئیتر بابەتی كارەباش ببێتە بابەتێك لە مێژوو و خەڵك چیتر گرفتی ئەوەیان نەبێت كە كارەبای گشتی دێت یانیش دەنگی مۆلیدە و دووكەڵی مۆلیدە و كێشەكانی كە لەگەڵ ئەو بابەتە دێن، ئەوانە هەمووی ببن بە بەشێك لە مێژوو و ئیتر ئەم پێداویستییانەی كە خەڵك دەبوایە زووتر هەیانبێت، ئێستا ئێمە بتوانین بۆیان دابین بكەین.
بەشێكی تر لە سوودەكانی ئەم پڕۆژەی ئاوە ئەمەیە كە ئێمە چیتر پێویست ناكات ئاوی ژێر زەوی لە شاری هەولێر بەكار بهێنین، داخستنی ئەم بیرە ئاوانە هیوادارم وا بكات كە ئاستی ئاوی ژێر زەوی جارێكی تر بەرز ببێتەوە، لە لایەكی تریشەوە بۆ دەرهێنانی ئاوی بیری ژێرزەوی دەبوایە زۆر مۆلیدە بخرێنە كار، ئەوانەش هەم دووكەڵیان زۆر دروست دەكرد و ئاووهەوای شارەكەشیان پیس دەكرد. جگە لە گەیاندنی ئاو، ئەم خێرانەشی تێدایە. ئینشائەڵا دەبینین كە ئەنجامەكانی زوو دێتە بەرچاو و خەڵك دەیانبینێت.
بەڕێزان من تەمەننام دەكرد ئێستا ئێمە هەر باسی دەستكەوتەكان بكەین، بەڵام پێویستە باسی گرفتەكانیش بكەین كە زۆربەی ئەو گرفتانە بەداخەوە خەتای ئێمە نین، بەڵكوو زۆرجار ئێمە باجی ئەم سەركەوتنانەمان داوەتەوە. كە ئەم جۆرە پڕۆژانە ئێمە دروست دەكەین، لایەن هەیە چاوی پێ هەڵنایەت و دەیانەوێ سزای سەركەوتنی ئێمە بدەن. لە جیاتی ئەوەی پاڵپشت بن و هاوكار بن و یارمەتیمان بدەن و چاو لە ئێمە بكەن بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكەن، دێن هاووڵاتیان سزا دەدەن، مووچەیان دەبڕن، بژێویی ژیانیان دەبڕن، بودجەی هەرێم ڕادەگرن و نانێرن. دەبوایە ئەمانە بەپێچەوانەوە بێت، دەبوایە ئێمە هەموومان كێبڕكێ بكەین لەسەر ئەوەی كە چۆن زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكەین؟ دەبوایە زیاتر چاو لە یەكتر بكەین كە چۆن زیاتر بتوانین ژێرخانی ئابووری لە وڵاتەكەمان نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكوو لە شوێنەكانی تری عێراقیش باشتر بكەین. بەو ئەزموونە كەمەی كە ئێمە هەمانە، ئێستاش رایدەگەیەنم و ئامادەین، ئێمە ئامادەین كە ئەزموونی خۆمان بخەینە خزمەتی هەموو عێراق، لە هەر شوێنێك و هەر پارێزگایەكی تری عێراق ئەگەر پێویستییان پێمان بێت، بۆ ئەوەی بزانن چۆن خزمەتی هاووڵاتیان بكەن، ئێمە ئامادەین یارمەتییان بدەین. ئەوەی لێرە كراوە، ئێمە هاووڵاتیمان كردووەتە گەورەترین ئامانجی خۆمان، دەمانەوێ هاووڵاتی خۆشبەخت و سەركەوتوو و بەختەوەر بێ، كە ئەركی حكوومەت بووە ئەوەی خزمەتی هاووڵاتی بكات، بێگومان ئەنجامەكانیشی باش دەبن. چاوەڕێی ئەوە بووین دەستخۆشیمان لێ بكرێت، بەڵام ئێمە بەپێچەوانەوە ڕێگریمان لێ كراوە، قەیران دوای قەیران بۆ ئێمە دروست كراوە، بەڵام هەر نەوەستاین. بەشێكی سەركەوتنی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگری و پاڵپشتیی خەڵكی كوردستان و بەشەكەی تریشی بۆ دڵسۆزی و ماندووبوون و ئەو كارە باشانەی كە كەرتی تایبەت دەیكات. من سوپاسی هەموو ئەو كۆمپانیایانە دەكەم كە لەم ساڵانەی رابردوودا یارمەتیدەری ئێمە بوون و ئەم هەموو پرۆژە باشانەیان ئەنجام داوە.
بەڕێزان من دەزانم خەڵكی كوردستان چاوەڕێی ئەوە دەكەن كە مووچەكەیان كەی بۆیان دەنێردرێت لە عێراق؟ لێرەش حەز دەكەم تۆزێك بە ڕاشكاوی لەگەڵ خەڵكی كوردستان قسە بكەم. ئێمە كیانێكی فیدڕاڵین و هەرێمی كوردستان وەكوو كیانێكی فیدڕاڵی مافی خۆیەتی كە بودجەی تایبەت بە خۆی هەبێت، كەواتە لە بودجەی گشتیی عێراق، دەبوایە بەشی بودجەی هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت و دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی هەرێم و چاودێریی دارایی هەرێم و خەڵكی هەرێم ئەو وەختە بڕیار لەسەر چۆنیەتیی بەكارهێنانی بودجەی هەرێمی كوردستان بدەن. بەڵام بەداخەوە هەر لایەنی ناوخۆیی لێرە سكاڵایان كرد و داوایان كرد كە بەغدا ڕاستەوخۆ دەست وەربداتە ناو كاروباری دابەشكردنی بودجە و مووچەی هەرێم. لەوانەیە خۆشتان بیرتان بێت لە چەندین بۆنە باسیان لەوە دەكرد كە ئەگەر مووچە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا، ئیتر كێشەی بێمووچەییمان نابێت و لە كاتی خۆی بە زیادەوە مووچە بۆ خەڵكی كوردستان دێت. ئەو وەختەش حكوومەتی هەرێمیان تاوانبار دەكرد و دەیانگوت حكوومەتی عێراق چارەسەر و فریادڕەسە، بەڵام خەتاكە هەمووی لە هەرێمە، ئێستا ئەو دەنگانە نازانم لە كوێن؟ بۆ بێدەنگن؟ ئێستاش ئەگەر قسەیەك بكەن، پاساو دێننەوە كە بۆ حكوومەتی عێراق ئێستا مووچە نانێرێت؟ كە بۆ سزای خەڵك دەدات؟ لە جیاتی ئەوەی بە خۆیاندا بچنەوە و داوای لێبووردن لە خەڵك بكەن، جارێكی تر دێن پاساو دێننەوە كە بۆ حكوومەتی عێراق مووچەی دواخستووە؟ هەر ئێمە ماینەوە وەكوو حكوومەتی هەرێم و وەكوو ئەو كەسانەی كە دڵسۆزن بۆ پرسەكانی خەڵكی كوردستان، جارێكی تر لەگەڵ بەغدا بكەوینە گفتوگۆ و بەردەوام بین لەوەی كە ڕێگەچارەیەك بۆ ئەم پرسە بدۆزینەوە. چەندین جار شاندی هەرێم سەردانی بەغدایان كرد و شاندی بەغدامان داوەت كرد كە بێن سەردانی ئێمە بكەن، لە ڕووی تەكنیكی و هونەری و یاسایی و بە هەموو جۆرێك، هیچ نەما قسەی لەسەر نەكرێت. هەموو جارێكیش بەڵێنمان لە حكوومەتی فیدڕاڵی وەردەگرت كە بەڵێ كێشەكان چارەسەر بوون و ئیتر شتێك بە ناوی پرسی مووچە نامێنێت، بەڵام مانگێك دوو مانگی نەدەخایاند و دیسان بیانوویەكی نوێ مووچەكانی دوادەخستەوە. دیسان دەستمان دەكردەوە بە ناردنی شاند و گفتوگۆ، هەمیشەش بەڵێنی ئەوەمان پێ دەدرا كە ئێمە مووچەكان دەنێرین بەڵام كێشەیەكی فەنی هەیە، دواتر هەندێكجار خەتایان دەخستە سەر ملی هەرێمی كوردستان و گوایە ئێمە نەوت نانێرین یان داهاتی ناوخۆ ڕادەست ناكەین.
تێگەیشتنی ئێمە بۆ ڕادەستكردنی داهاتی ناوخۆ بەپێی دەستوورە، دەستوور دەڵێ ٥٠٪ی داهاتی فیدرالی ڕادەستی حكوومەتی فیدرالی بكرێتەوە، هەمیشە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بووە و ئەم ئەركەشی جێبەجێ كردووە. جگە لەو كاتانەی كە حكوومەتی فیدڕاڵ مووچەی نەناردووە، یان بە كەمی ناردوویەتی كە ئێمە ئەو وەختە ناچار بووین داهاتە ناوخۆییەكان بۆ تەكمیلەی مووچە بەكار بهێنین.
دەڵێن نابێت ئێوە هیچ جۆرە داهاتێكتان هەبێت، هەر هیچ هیچ، هەرچی هەتانە ڕادەستمان بكەن، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە پڕۆژانەمان پێ جێبەجێ نەكرێت. بەڵام ئێمە دەستوورێكمان هەیە و مافی دەستووریمان هەیە. ئەوەی ئەركی ئێمەیە جێبەجێی دەكەین بە زیادەوە و كردووشمانە، لەمەودواش پابەندین بە جێبەجێكردنی هەر ئەركێكی دەستووری كە دەكەوێتە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئامادە نین واز لە مافە دەستوورییەكانی خۆمان بهێنین. ئامادە نین بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەین و نەیكەین. ئێمە لەبەر ئەوە بەردەوام دەبین لەوەی كە ئەركەكانی خۆمان جێبەجێ بكەین و مافە دەستوورییەكانی خۆشمان بپارێزین. بەڵام لە هەمان كاتدا ئەوپەڕی مروونەتیشمان نیشان داوە لە زۆر شتدا و زیاتریش هاتووینەتە پێشەوە تەنیا بۆ ئەوەی خەڵك لەژێر ئەم فشاری مووچە و پاڵەپەستۆی مووچەدا نەمێنێت. دواجار شاندێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی چوونە بەغدا و لەسەر ئەو پێشنیارەی كە دواپێشنیار بەغدا كردی بەحیساب بۆ ڕادەستكردنی بەشێك لە نەوتەكە و ژمارەیەكی دیاریكراوی ڕادەستكردنی داهاتە ناوخۆییەكان كە بەحیساب ئەمە دوا بیانوویان بێت. شاندەكە لە بەغدا بوون هەر ئەو شەوە، كاك بافڵ و دكتۆر فوئاد حسێن، وەزیرە بەڕێزەكانی تر، تەلەفۆنیان بۆ كردم. ووتیان ئێمە لەسەر ئەم پێشنیارە گفتوگۆیەكی چڕمان لەگەڵ هەموو لایەنەكان كردووە و ئەمە پێشنیارەكەیە و لەمە زیاتر لەم مەرحەلەیە زەحمەتە و حەز دەكەین با لەسەر ئەم ڕێككەوتنە تۆش رازی بیت و ئیتر بیانوو بە دەستی كەسەوە نەمێنێت و ئەم خەڵكەش لەژێر ئەم فشارە دەربێت. گوتم باشە بەسەرچاو، ڕازیم بەوەی كە ٢٣٠ هەزار بەرمیل ڕادەستی حكوومەتی فیدڕاڵی بكرێت بە ڕێگەی سۆمۆ بفرۆشرێ و ١٢٠ ملیار دیناریش داهاتی نانەوتی یان داهاتی ناوخۆیی ڕادەستی حكوومەتی فیدڕاڵی بكرێت، بە حیساب سیستەمی تەوتینیش جێبەجێ بكرێت كە ئەمەش بەشێكە لەو ئەركەی حكوومەتی هەرێم لەمێژەوە جێبەجێی كردووە. بابەتی هەژماری من زۆر زۆر خزمەتگوزارییەكانی لە بابەتی تەوتین زیاترە و زیاتر لە ٩٠٠ هەزار كەس ئێستا لەم پڕۆژەیە بەشدارن.
بەهەرحاڵ ئەو ئەركانەی كە لەسەر شانی ئێمە بوو، قەبووڵمان كرد، بەڵام ئەو كاتەش هاوكات بوو لەگەڵ پەلاماردانی كێڵگە نەوتییەكان بە ڕێگەی درۆنەوە، پێم ووتن، ووتم باشە بەڵام بەم هێرشەی كە دەكرێتە سەر كێڵگەكانمان، بەشی نەوت كەمتر دەبێت چوونكە ئێستا كۆمپانیاكان هەموویان لێیان دراوە و ناتوانن ئەوەندە نەوت بەرهەم بهێنن، ئەی ئەمە چی لێ دێت؟ هیوادارم ئەمەش نەبێتە بیانوویەكی تر بۆ نەناردنی مووچە، گوتیان نا ئەمە تێگەیشتن هەیە و ئەكید ئەگەر ئێمە لەسەر بنەماكە پێكبێین ئیتر حكوومەتی فیدڕاڵی مووچە دەنێرێت. لەسەر ئەو ئەساسە ئێمە چاوەڕێ بووین. دوای ئەوەی كە ئێمە ڕەزامەند بووین لەسەر ڕێككەوتنەكە و واژۆشمان كرد لەسەر پێشنیازەكان لەسەر ئەو تێگەیشتنە، خاڵێكی تریان زیاد كردووە، بەهەرحاڵ ئەمەش بابەتێكە كە چاوەڕێین بزانین ئەوان چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەن. لەسەر ئەوەی كە ٢٣٠ هەزار بەرمیلەكە تاوەكوو وەرنەگیرێت مووچە نادرێت، لە لایەكی تریشەوە ئەو تیرۆریستانە دێن كێڵگەكانمان دەتەقێننەوە و بەرهەمی نەوت ناهێڵن، ئێ چۆن دەكرێت؟ گوتیان شاندێك دەنێرین بۆ ئەوەی بێن مەیدانییەن بچن و ببینن چی كراوە؟ هاتن، شاندەكە وابزانم دوێنێ ڕاپۆرتی خۆیان بەرز كردووەتەوە دیسان بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی كە تەنیا ئێستا ئەوەندە نەوتە بەردەستە تاوەكوو ئاسەواری ئەم هێرشانە چارەسەر دەكرێ. هیوادارین ڕۆژێك بەرهەمهێنانی نەوت بگات بە ئاستێكی زۆر بەرز، ئەگەر كێشەی ئەمنی نەمێنێت، ئێمە هیچ كێشەمان نییە لە هەناردەكردنی هەموو نەوتی كوردستان جگە لەو پێداویستییە ناوخۆییەی كە ئێمە پێویستیمان پێیەتی بۆ دابینكردنی بەنزینە، كارەبایە، سووتەمەنییە، پێداویستییەكانی خەڵكە. جگە لەوە، ئەوەی تر ئێمە ئامادەین بینێرین و هیچ كێشەمان لەگەڵ ئەو كێشەیە نییە.
ئنجا بۆ ئەوەی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست بزانن، ئێمە ئێستا چاوەڕێی بەغدا دەكەین و هیوادارین ئیتر مووچەی ئەم خەڵكە بنێردرێ و ئەم سزادانە بەكۆمەڵە كۆتایی بێ و ئەم بڕیارە نادەستووری و نایاساییەی بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان كۆتایی بێ و مووچەی ئەم خەڵكە بنێرن.
لە زۆر شوێن لەوانەیە خەڵكی تر هەبن كە گلەیی دەكەن و دەڵێن بەشێكی ئەم كێشەیە لەوانەیە خەتای هەرێمی كوردستان بێت، بەڵام لێرەدا من حەز دەكەم ئەمڕۆ زۆر بەڕاشكاوی لەگەڵ خەڵكی هەرێمی كوردستان قسە بكەم. لە زۆر ڕێگەی ترەوە، لە زۆر شوێنی ترەوە جیاكاری كراوە لە رەفتاركردن بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان. لەم ساڵانەی رابردوو سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار كەس لە عێراق دامەزراون، یەك كەسیشیان بۆ هەرێمی كوردستان نەبووە. لە چاودێری كۆمەڵایەتی حەفت ملیۆن كەس لە عێراق مووچە وەردەگرن، تەنیا ٧٢ هەزاریان لە كوردستانە، ١٪ دەكات. ئەگەر بەپێی ڕێژەیی بێت، دەبوایە ئێمە ئێستا ١٤٪ لە هەموو شتەكان بەر هەرێمی كوردستان بكەوێت. ٥٠ ملیار دۆلار قەرزی نێودەوڵەتی لە عێراق وەرگیراوە بەحیساب بۆ پڕۆژەكان، هیچی هەرێم لێی سوودمەند نییە، بەڵام لە دانەوەی قەرزەكان لە بەشی هەرێم دەدرێتەوە. لە زۆر ڕووەوە ئەگەر تەماشا بكەن ئەم جۆرە پێشێلكارییانەی كە دەكرێت، بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ڕێگری دەكرێت لەوەی، هەر جارەی بە بیانوویەك، بۆ شارەكانی تری عێراق بڕوات. هەموو جارێك بە سەرئێشە و بە كێشە و بە گرفتی چەند هەفتە و مانگ، تاكوو جارێكی تر چارەسەری ئەم كێشەیە دەكرێتەوە. بڕیاری دروستكردنی دوو هەزار قوتابخانە لە عێراق دراوە، یەكێكیشیان بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان نەكراوە. بڕیاری درووستكردنی ١٥٠ نەخۆشخانە لە عێراق دراوە، یەكێكیشیان لە هەرێمی كوردستان تەرخان نەكراوە. دەبێ ئێمەش هیچ داهاتێكی ناوخۆییمان نەبێت، خۆمان هیچ نەكەین و ئەوانیش هیچمان بۆ نەكەن، چۆن دەكرێت؟
من باسی سیاسەت ناكەم و باسی ئەو كەسانەش ناكەم كە هەرچی بكەیت، ئەوان تەنیا بڕیارێكیان هەیە كە پاساو بێننەوە بۆ ئەوەی دژایەتی حكوومەتی هەرێم بكەن، من ڕووم لە خەڵكی كوردستانە بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان قەناعەتیان هەبێت، ئەوەی ئێمە دەیكەین تەنیا و تەنیا لە پێناو خزمەتكردنی ئێوە و سەربەرزی ئێوەیە. بەردەوامیش دەبین لەوەی كە داكۆكی لە هەموو مافی خەڵكی كوردستان بكەین و هەموو مروونەتێكیشمان پێشان داوە و بەردەوام دەبین لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ دابینكردنی شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، بەڵام بە شێوەیەكی سەربەرزانە.
من جارێكی تر، سوپاسی هێمن گرووپ دەكەم بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژە گەورەیە، جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە گەورەیە، خوا پشتیوان بێت، خەڵكی كوردستانیش پشتیوانمان بن، بەردەوام بن لەوەی كە متمانەیان بە ئێمە هەبێت، ئێمە پڕۆژەی وەكوو ئەمە و هاوشێوەی ئەمە و لەمەش گەورەتر لە سەرانسەری كوردستان جێبەجێ دەكەین.
ئێوە هەر سەربەرز و سەربڵند بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.
ئەم بابەتە 33 جار خوێندراوەتەوە