سەرۆکی حکوومەت : هەبوونی سیستەمێكی بانكی بەهێز و كارا، ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی دەستەبەر دەكات
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت : هەبوونی سیستەمێكی بانكی بەهێز و كارا، ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی دەستەبەر دەكات
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ساڵانەی بانکی عێراقی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەدا کە عەلی عەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی بانکەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ووڵاتانی عەرەبی و بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم ئامادەی بوون، سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵانێکی زۆرە لەناو حکوومەتدا، گفتوگۆیەک لەسەر ئەوە هەیە کێ دەستپێشخەر بێت، ئێمە یان بانکەکان. لەم کابینەیەدا بڕیارمان داوە ئێمە ئەم پێشەنگایەتییە بکەین. بەم کارەش، یارمەتیدەر دەبین لە دروستکردنی سیستەمێکی بانکی بەهێز.
دەقی ووتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای دلۆڤان
ئامادەبووان و میوانانی بەڕێز
زۆر بەخێر بێن
خۆشحالم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشدارم لەم کۆنفرانسە گرنگە کە تەرخان کراوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی سیستەمی بانکی و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، بە تایبەتی بانکەکانی کەرتی تایبەت.
بەخێرهاتنی هەموو میوانانی بەڕێز دەکەم، بە تایبەتی عەلی عەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق.
دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە دەکەم کە بابەتێکی زۆر گرنگیان هەڵبژاردووە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێکردن، بە تایبەتی بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، چاکسازیکردن و پێشخستن و کاراکردنی کەرتی بانکی پێویستییەکی هەرە لەپێشە بۆ هێنانەدی گەشەپێدانی ئابووری.
درووستکردنی سیستەمێکی بەهێز و کاریگەر و چالاکی بانکی ئامانجێکی گرنگی کابینەی نۆیەم بووە، بۆیە کار دەکەین بۆ چاکسازیکردن لە سیستەمی بانکی و بنیاتنانی ژێرخان و بنەمایەکی هاوچەرخ و بەهێز بۆ ئابووری هەرێمەکەمان.
لێرەدا پێم خۆشە هەندێک لە پلانەکانمان لهبارەی چاکسازیکردن لە کەرتی بانکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێوەدا باس بکەم .
لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، خانەنشینانی هەرێمی کوردستان چیتر ناچار نابن چەندین کاتژمێر لە گەرمای هاوین و سەرمای زستاندا بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان لە سڕەدا بن. بەڵکو لە ڕۆژێکی دیاریکراودا، پارەکه دەچێتە سەر حیسابە بانکییەکانیان.
هەروەها بازرگانەکانیش چیتر ناچار نابن بە قەبارەیەکی زۆر پارە لەگەڵ خۆیان هەڵبگرن، بەڵکوو دەتوانن بە شێوەی ئۆنلاین چاودێری حیسابی بانکیان بکەن و خزمەتگوزارییە داراییەکانیان ئەنجام بدەن.
هەروەها ئەو کەسانەش کە قەرزی بچووکیان بۆ مەبەستی جۆراوجۆر دەوێت، ڕووبەڕووی پرۆسەیەکی ئاسانتر دەبنەوە. ئەو هاووڵاتییانەی لە ناوەوە یان دەرەوەی ووڵات دەیانەوێت پارە بۆ خزم و کەسوکار و خێزانەکانیان بنێرن، چیتر ناچار نابن لە ڕێگەی سەنتەرەکانی حەواڵەوە ئەو کارە بکەن.
تا کۆتایی ئەمساڵ، هەزاران فەرمانبەری کەرتی گشتی، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (هەژماری من) تۆمار دەکرێن و حیسابی بانکیان لە بانکە تایبەتەکانەوە بۆ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی مووچەکانیان لەو ڕێگەیەوە وەربگرن، لە ساڵی داهاتووشدا ئەم پرۆسەیە خێراتر دەبێت. ئێمە پابەندین بەوەی تا کۆتایی ساڵی داهاتوو، یەک ملیۆن مووچەخۆر، حیسابی بانکیان هەبێت و ئەم بەرنامەیەش خێراتر دەکەین و لەم ڕووەوە ئامادەسازیمان کردووە.
ساڵانێکی زۆرە لەناو حکومەتدا، گفتوگۆیەک لەسەر ئەوە هەیە کێ دەستپێشخەر بێت، ئێمە یان بانکەکان. لەم کابینەیەدا بڕیارمان داوە ئێمە ئەم پێشەنگایەتییە بکەین. بەم کارەش، یارمەتیدەر دەبین لە دروستکردنی سیستەمێکی بانکی بەهێز.
بڕیارمان داوە کە پشتگیری پلانی بەرفراوانبوونی بانکەکان بکەین ئەویش لە ڕێگەی ئەم بەرنامەیەی خوارەوە:
دوای ئەوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی لە بانکەکان حیسابیان دەبێت، بە هەمان شێوە کارمەندانی کەرتی تایبەتیش پێویستە ئەو کارە بکەن. بەم شێوەیەش خزمەتگوزاریی بانکی بۆ سەدان هەزار کەس لە کوردستان بەردەست دەبێت.
هاوکات هانی بانکەکان دەدەین کە لقەکانیان لە سەرانسەری کوردستان زیاد بکەن و لە ماوەی دوو ساڵدا، تۆڕی ئامێرەکانی ATM دە هێندەی ئێستا، زیاتر بكرێن. هەروەها کار دەکەین بۆ ئەوەی ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە زۆربەی بازاڕ و مارکێتەکانی کوردستان دەستەبەر بێت.
پێویستە دان بەوەدا بنێین کە تا ئەمڕۆ بانکەکانی کەرتی گشتی نەیانتوانیوە پێداویستی هاووڵاتییانمان دابین بکەن. پشتبەستن بە پارەی کاش، گەشەی ئابووری ئێمەی سنووردار کردووە و دەرفەتی ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارەی ڕەخساندووە. ئەمەش دەبێت گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
هەروەها هەر هاوکارییەکیش پێویست بێت پێشکەشی بانکە تایبەتەکانی دەکەین بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانیان باشتر و خێراتر بکەن.
ئامانجمان ئەوەیە پێشبڕکێیەکی تەندروست لە نێوان بانکەکان لە هەرێمی کوردستان دروست ببێت و هاووڵاتییانیش ئازاد بن لە هەڵبژادنی بانکی خۆیان لە سەر بنەمای باشی و پێشکەوتوویی و خێرایی خزمەتگوزارییە بانکییەکان. تا ئێستا لە پرۆژەی (هەژماری من) پێنج بانکی کەرتی تایبەتمان هەڵبژاردووە. هیوادارم بانکی تریش لە داهاتوودا ببنە بەشێک لەم پڕۆژەیە.
ئەم بانکانە لەسەر بنەمای چەند پێوەرێکی ڕوون هەڵدەبژێردرێن کە لەم ڕووەوە، لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق هەماهەنگی کراوە. بۆ نموونە ئەو بانکانە لقیان لە چەند شوێنێک هەیە و، بانکی دیجیتاڵین و لە ڕێگەی مۆبایل و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش دەکەن و تۆڕێکی ATMیان هەیە و خزمەتگوزاری دارایی ئەلیکترۆنیان هەیە.
دەمەوێت سوپاسی بانکەکان بکەم بۆ پشتگیری بەردەوامیان لە پڕۆژە و بەرنامەکانمان و داوایان لێ دەکەم بەردەوام بن لە وەبەرهێنان لە بەرهەم و خزمەتگوزارییە بانکییەکانیان.
هاووڵاتییانی ئێمە لە ماوەی داهاتوودا، بە خێرایی هەست بە گۆڕانکاری لە ژیانیاندا دەکەن؛ بۆ نموونە لە شێوازی پارەدان و کڕینی خۆراک و سووتەمەنی تا ئەوەی بە ئاسانی لە کاتی گەشتکردنیان بۆ دەرەوە بە متمانەوە، کارتی بانکی و خزمەتگوزارییەکانیان بە کاربهێنن. خاوەنکارەکانیش دەتوانن سوود لە دەرفەتەکانی بازرگانی ئەلیکترۆنی وەربگرن و پارە بگوازنەوە بۆ كاروباری بازرگانی. هەروەها حکوومەت چۆنیەتی پارەدان و کۆکردنەوەی داهاتیش دەگۆڕێت. بەکورتی کار دەکەین بۆ ئەوەی هاووڵاتییان و بازرگانەکانمان، بتوانن لە هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا بیانەوێت دەستیان بە خزمەتگوزارییە داراییەکان بگات.
پێویستە وابکەین کە پارەی جووتیارەکانمان، ڕاستەوخۆ بچێتە سەر حیسابی بانکیان کاتێک گەنم و دانەوێڵەکانیان بە حکومەتی فیدراڵی دەفرۆشن. هیوادارم بە زووترین کات ئەم گۆڕانکارییانە ڕووبدات.
دڵنیام هاوبەشە بانکییەکانی ئەمڕۆمان، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا دەبنە گەورەترین بانکی ئەهلی لە ووڵاتدا.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو لایەن و بەڕێزانە بکەم کە لەم ئەرکە گرنگەدا هاوکار و پشتیوانمانن. بە تایبەتی سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی بەڕێز عەلی عەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندیى عێراق و تیمەکەی دەکەم کە بە ڕێنوێنی و پشتیوانی سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بەردەوامن لە هەماهەنگی و هاوکاریکردنمان لە بوارەکانی ئەنجامدانی چاکسازی بانکی و بەڕێوەبردنی گەنجینە. سوپاس بۆ پشیتوانی و پشتگیرییان.
ئێمە بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی دیناری عێراقی. لەسەر ئەم بابەتە، خۆشحاڵم بەو پێشکەوتنانەی ئەمساڵ لە بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر بەدەستمان هێناوە. پێویستە کاری زیاتر بکرێت و ئێمەش ئەوەی لە سەرمان بێت لەم ڕووەوە دەیکەین.
بەڕێزان:
لە کۆمەڵگە و وڵاتانی پێشکەوتوو، هەبوونی سیستەمێکی پێشکەوتوو و چالاکی بانکی، یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. لە هەمان کاتدا سیستەمێكی بانكی هاوچەرخ و بەهێز، هاوكار و یارمەتیدەرێكی بەهێزی گەشەپێدانی ئابوورییە و خزمەتگوزاری دارایی و كارئاسانییەكی زۆریش پێشکەشی خاوەنکاران و وەبەرهێنەران دەکات.
تەنانەت دەتوانین بڵێین بەهێزی سیستەمی بانکی لە هەر وڵات و كۆمەڵگەیەكدا، بنەما و مەرجێكی سەرەكی بەهێزی ئابووریشە، چونکە هەبوونی سیستەمێكی بانكی بەهێز و كارا، ژینگەیەكی لەبار بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی دەستەبەر دەكات.
بێگومان یەکێک لە کێشە و ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم هەبوونی سیستەمێکی بانکی بەهێز و پێشکەوتوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، نەبوونی متمانەی خەڵکە بە بانکەکان، ئەمەش زۆر هۆکاری لە پشتە، لە سەروویانەوە ناسەقامگیری دۆخی سیاسی و ئابووری ووڵات و تەشەنهسەندنی گەندەڵی بە شێوەیەکی بەرفراوان کە وایکردووە، هاووڵاتییان متمانەیان بە بانک و دامەزراوە داراییەکان نەمێنێت.
بەڵام ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو هاوکاری و یارمەتییەکی پێویست پێشکەشی بانکەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن متمانە لە نێوان بانکەکان و هاووڵاتییان دروست بکەین ئەویش لە دڵنیاییدان لەسەر پاراستنی سەرمایە و سامانی خەڵک لە بانکەکاندا. هەروەها بانکەکانیش پێویستە خزمەتگوزارییەکانیان بەرفراوان بکەن. واتە بە هاوکاری و هەماهەنگی حکوومەت و بانک و هاووڵاتی، دەکرێ ئەو متمانەیەی کە پێویستە بە بانکەکان هەبێت درووست بکەینەوە.
بە هۆی ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی و شەڕ و نائارامی لە ساڵانی ڕابردوودا، عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستیان بە پرۆسەیەکی بەرفراوانی ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری هەیە لە هەموو کەرتەکاندا. بۆ ئەم مەبەستەش هەبوونی سیستەمێکی بانکی چالاک و پێشکەوتوو، هۆکارێکی سەرەکی و یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بتوانین کاروانی چاکسازی و ئاوەدانی درێژە پێ بدەین.
ئەو هەنگاوانەی موحەمەد شیاع سوودانی و حکومەتی فیدراڵ و ئێمەش لە هەرێمی کوردستان دەستمان پێکردوون، جێگەی ئومێدێکی زۆرن و دەتوانین بە هاوکاری و پشتیوانیکردنی یەکتر، پێشکەوتنی بەرچاوی ئابووری لە ماوەیەکی نزیکدا ببینین.
جارێکی دیکەش دەستخۆشی بەستنی ئەم کۆنفرانسەتان لێ دەکەم و هیوادارم ئەنجام و ڕاسپاردەی باشی لێ بەرهەم بێت لە پێناو بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و دۆخی ئابووری بە گشتی.
هەر شاد و سەرکەوتووبن و ووڵاتیش هەر ئاوەدان بێت.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە