سەرۆکی حکوومەت پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپات دەکاتەوە
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپات دەکاتەوە
چوارشەممە 2/19 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندی ئیمرالی دەم پارتی بە سەرۆکایەتی هەردوو پەرلەمانتار سری سوورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد.
لە دیدارەکەدا، شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خستەڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە ئێستا قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێکردووە و پرسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گرنگ و پێویستییەکی هەنووکەیی. شاندەکە هەروەها ڕۆڵ و پێگە و پشتیوانی سەرۆک بارزانیان لە پرۆسەکە بەرز نرخاند.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرینگی سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیری و بەهێزکردنی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و تووندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشاندا.
ئەم بابەتە 62 جار خوێندراوەتەوە