سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانی حیکمە کرد
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانی حیکمە کرد
ئێوارەی دووشەممە 10/9، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەممار حەکیم سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانی حیکمە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پێویستی و گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا.
سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە ئەگەر نیازپاکی هەبێت چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان سەخت نین. دووپاتیشی کردەوە کە پێویستە وەکوو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی و لە چوارچێوەی دەستووردا، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانی حیکمە، ئاماژەی بەوە دا کە سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا، ڕۆڵێکی گرینگ و ئەرێنی لە ڕوونکردنەوەی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدرال هەبوو، ووتیشی ئێستا دەرفەتێکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و بەهێزکردنی متمانە و لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکان و دەستوور هەیە.
ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە