سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێكی ئەمریكی کرد

پەیامی کورد   ...  سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێكی ئەمریكی کرد

پێنجشەممە 10/12 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی ئەمریکی بە سەرۆكایەتی ڤیکتۆریا تەیلەر، جێگری یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا كرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوایین پێشهاتەکانی دۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە و گرینگی و پێویستی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا، بە تایبەتی کە دوای سەردانی ئەم دواییەی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا، دەرفەتێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردن هاتووەتە ئاراوە کە پێویستە لە دەست نەدرێت.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک مووچەخۆرانی دیکەی عێراق، بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ کێشە، مووچەکانیان لەڕێگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەربگرن.

هەروەها جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان بە زووترین کات کرایەوە.

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە پێویستە ڕێز لە سیستەمی فیدراڵی عێراق و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بگیرێت و مافی گشت پێکهاتەکانی عێراق پارێرزراو بێت.

چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم بەتایبەتی بەدیجتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و کاراکردنی سیستەمی بانکی و هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵەکان و ئەنجامدانی کار و پڕۆژەی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەشوهەوا، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.


ئەم بابەتە 11986 جار خوێندراوەتەوە