سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە ژمارەیەک له‌ ڕاوێژکارانى سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ کرد

پەیامی کورد   ...  سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە ژمارەیەک له‌ ڕاوێژکارانى سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ کرد

چوارشەممە 10/11 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت کورتەیەکی له‌بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوولا و ڕێگەی چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان خستەڕوو.

سەرۆکی حکوومەت دووپاتیکردەوە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەرێمی کوردستان، بەشدارییەکی کارا و کاریگەری لە درووستکردنەوەی عێراقی نوێ و پرۆسەی سیاسی کرد بەو ئامانجەی دەوڵەتێکی دیموکرات و فیدراڵ شوێنی ڕژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق بگرێتەوە. بەشداری هەرێمی کوردستانیش، لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی هەرسێ پره‌نسیپی سەرەکی، هاوبەشایەتی و هاوسەنگی و سازان بوو .بەڵام بەداخەوە دواتر هەوڵی پەراوێزخستن و لاوازکردنی قەوارەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان درا.
سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە پێویستە ڕێز لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی عێراق بگیرێت و بەهێز بکرێت و پەرەی پێ بدرێ و لەو چوارچێوەیەشدا، ڕەفتار و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت نەک بە عەقڵییەتێکی مەرکەزی.

سەرۆکی حکوومەت ووتیشی عێراق لە ڕووی سامانی سرووشتی و مرۆییەوە، ووڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی ژێئۆپۆلێتیکی گرینگە لە ناوچەکەدا و تەنیا پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی باش هەیە، کە بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە، هەڵسوکەوت لەگەڵ سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی بکات.

دەربارەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکوومەتی فیدراڵیش، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر خواست و ئیرادە و نیازپاکی هەبێت، چارەسەرکردنی کێشەکان سەخت نین. لەم ڕووەوە ووتی پەرۆشی و ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرەکردنی بنەڕەتی و یەکجارەکی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان دووپات دەکەینەوە و پشتیوانیش لە کارنامەی حکوومەتی فیدراڵ و هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین. بە تایبەتی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە پێویستە وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی و لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حكوومەتی هەرێم مووچه‌كانیان وەربگرن.
شاندەکە وێڕای ستایشکردنی کاروانی ئاوەدانی و دەستکەوتەکانی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بەوە دا کە ئێستا نیازپاکی لە هەردوولادا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێویستە ئەو کەش و دەرفەتە ئەرێنییەی دوای سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەت بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوه‌، لە دەست نەدرێت و لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە