سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە کونسووڵی گشتی قەتەر کرد
پەیامی کورد ... سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە کونسووڵی گشتی قەتەر کرد
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە كونسووڵی گشتی قەتەڕ كرد و ئاماژەی بە گرینگی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 21/7/2025، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە حسێن بن عەلی ئەلفەزالە، كونسووڵی گشتی قەتەر لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی کۆتایی هاتنی ئەرکە دیپلۆماتییەکەی.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرینگی پتەوکردنی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە کرد، سوپاسی کونسووڵی گشتی قەتەریشی کرد بۆ ئەو ماوەی کاری بۆ بەهێزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتووی بۆ خواست.
کونسووڵی گشتی قەتەر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوكاری و پشتگیری لایەنە پەیوەندیدارەكانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و خواستی دەوڵەتی قەتەریشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات كردەوە.
کونسووڵی گشتی قەتەر، هەروەها ستایشی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتە جۆراوجۆرەکان دا کرد بە تایبەتی پڕۆژەی ئاو و کارەبای 24 کاتژمێری.
ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە