سەرۆکی حکوومەت: گرینگیدان بە پەروەردە باشترین وەبەرهێنانە لە گەنجەکانماندا

پەیامی کورد   ...  سەرۆکی حکوومەت: گرینگیدان بە پەروەردە باشترین وەبەرهێنانە لە گەنجەکانماندا

ئەمڕۆ شەممە (10دیسێمبەری 2022)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی کەتالین نۆڤاک سەرۆکی هەنگاریا، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی لە عەنکاوە کردەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا ووتارێکی پێشکەشکرد و جەختی لەسەر گرتنگیدان بە کەرتی پەروەردە کردەوە وەک ئەرکێکی لە پێشینەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییانەیەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەو کریستیان و ئێزدییانەی بەهۆی هەڕەشەی تیرۆرەوە لە دەشتی نەینەوا هەڵهاتوون .

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان پێشوازی لە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی عێراقی وپەنابەری سووری کردووە، پارێزگاری لێکردوون و شوێنێ حەوانەوەی بۆ دابینکردوون، کە بەبێ پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کارێکی سەخت بوو.

مەسروور بارزانی سوپاسی ئامادەبوونی کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریاشی کرد و ووتی، "هەنگاریا یەکێک بووە لەو ووڵاتانەی هەمیشە هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە عەنکاوە کرد، کە بووەتە کۆمەڵگەیەکی گەشاوە بۆ بەیەکەوەژیان ئەمەش مایەی شانازییە بۆ ئێمە.

لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە رۆڵ و هاوکارییەکانی حکوومەتی هەنگاریا کرد و جەختی لەوەکردەوە، گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە لە پێشینەی کارەکانی ئەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەپێناو بونیاتنانی ووڵاتێکی بەهێزتر.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی تەواوی خۆشی بۆ هەموو هەنگاوێک بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە دووپاتکردەوە .

سەبارەت بە گرینگی زانست و پەروەردە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، زانست و پەروەردە بزوێنەر و بناخەی پێشکەوتنی ووڵاتەکەمانن بۆ هەنگاونان بۆ ئایندەیەکی باشتر.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گرینگیدان بە پەروەردە باشترین وەبەرهێنانە لە گەنجەکانماندا ئەنجامی بدەین، بۆئەوەی بەشێوەیەک پەروەردەیان بکەین تاوەکوو لە داهاتوودا لە بازاڕی کاری ناوخۆ و دەرەوەدا رکابەری بکەن بۆ بەدەستهێنانی باشترین دەرفەتی کار.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە دامەزراندنی دەستەى متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان کرد، وەک یەکێک لە هەنگاوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.

لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ سەرۆکی هەنگاریا لە بەرامبەر پاڵپشتییەکانی ووڵاتەکەی بۆ کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە و گوتی "دڵنیاتان دەکەینەوە وەک پابەندی حکوومەت کە هاوکارییەکانتان بە باشی خەرجکراوە لە کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە".


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە