سەرۆکی دەستەی ڕاوێژكاران لە سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان و كونسووڵی ژاپۆن کۆمەڵێک پرسی ستراتیژیان تاوتوو کرد

پەیامی کورد    ...   سەرۆکی دەستەی ڕاوێژكاران لە سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان و كونسووڵی ژاپۆن کۆمەڵێک پرسی ستراتیژیان تاوتوو کرد

جەعفەر ئیبراهیم سەرۆکی دەستەی راوێژکاران لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئاراكاوە میكیهیرۆ، كۆنسووڵی گشتی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان كرد و لە دیدارێكدا پرسگەلێك خرانە بەرباسەوە، كۆنسووڵی ژاپۆنیش رایگەیاند، ووڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكاری مرۆیی و دارایی بۆ گەلی كوردستان.

سەرۆکی دەستەی ڕاوێژكاران لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئیمێنكی، بەخێرهاتنی بەڕێز ئاراكاوە، كۆنسووڵی گشتی ژاپۆنی لە هەرێمی كوردستان كرد و سوپاسی حكوومەتی ژاپۆنی كرد بۆ هاوكاری بەردەوامی گەلی كوردستان و عێراق.

بەشێكی ئەو دیدارە، پەیوەست بوو بە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجام و پێشهاتەكانی، بەڕێز ئیمێنكی پێزانینی گەلی كوردستانی پیشان دا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و چاودێرانی نێودەوڵەتی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران.

بەرپرسی دەستەی ڕاوێژكاران ڕایگەیاند: "لەگەڵ كۆتایی هەڵبژاردن و دەركەوتنی ئەنجامەكان، پێویستە بە چاوی بابەتیانە لە ئەنجام و هەم لە پێشاتەكانیش بڕوانین. سەرەتا لەگەڵ كەمی ڕێژەی بەشداری پرۆسەكەدا، بەڵام هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو بووە و تاڕادەیەكی باش پاكترین هەڵبژاردنە تاكو ئێستا ئەنجام درابێت لە عێراقدا، ئەمەش لە ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەكگرتووەكاندا دەردەكەوێت، ئێمە دڵخۆشین بەو سەركەوتن و پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە".

دەربارەی پێشهاتەكان، ئیمێنكی دووپاتی لە پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزاری كردەوە، كە بتوانێت لە ئاست پێداویستی قۆناغەكە و چاوەڕوانی گەلی عێراقدا بێت.

هەروەها جەختی لەوە كردەوە كە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە داهاتوویەكی نزیكدا كۆبوونەوەیەك بۆ لایەنە كوردستانییەكانی بەشدرابوو لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ساز دەكات، بە ئامانجی یەكڕیزی لە هەرێمی كوردستان بۆ ئامادەكاری بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەتی فیدراڵ.

وتیشی: "ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە ئەوەیە، ئەو لایەنانەی كە دەنگی پێویستیان هێناوە و ئەندامیان هەیە، تەئكید لە یەكڕیزی و ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستان دەكەنەوە، بەشداریی ئێمەش پەیوەستە بە جێبەجێكردنی دەستوور و بەشداری ڕاستەقینە و هاوسەنگی".

بەشێكی دیكەی ئەو دیدرارە، سەبارەت بە دوایین پێشهاتە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە بوو، كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر پڕۆسەی سیاسی و ئاشتی لە ناوچەكەدا هەیە.

ئیمێنكی ئاماژەی بەوەش دا، كە هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی سەرەكیی سەقامگیری و ئاشتی و بەرەوپێشەوەچوونی ناوچەكە و عێراقە و گوتی: "كاری لەپێشینەشمان ئەوەیە كە ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت و گەشە بسەنێت. پێشكەوتن و دابینكردنی خۆشگوزەرانی لە ناوچەكەدا بە گشتی، پەیوەستە بە تێگەشتن و قبووڵكردنی جیاوازییەكان و كاری پێكەوەیی، نەك دژایەتی و شكاندنی یەكتر و هێرشكردنە سەر سەروەرییەكان و پێشێلكردنی سەروەریی ووڵاتان و یاسا نێودەوڵەتییەكان".

ئاراكاوە میكی هیرۆ، كۆنسووڵی گشتی ژاپۆن، سوپاسی ئەو پێشوازییەی كرد و سەرەخۆشی خۆی بۆ شەهیدبوونی دوو پێشمەرگەی قارەمان ڕاگەیاند و گوتی، كاری لەپێشینەی هەمووان پێویستە بەرگری بێت لە ئاشتی و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان.

میكی هیرۆ ڕایگەیاند، كە ووڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكاریی مرۆیی و دارایی بۆ گەلی عێراق و كوردستان، هیواشی خواست كە سەركردایەتی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان بتوانن هەماهەنگی زیاتر و پێویست بكەن، تاكوو بتوانن ژیانێكی شایستەتر بۆ گەلانی عێراق و هەرێمی كوردستان دابین بكەن.


ئەم بابەتە 11985 جار خوێندراوەتەوە