سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕای فەرمی پارتی لە سەر سێ پرسی گرینگ ڕادەگەێنێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لە بارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان ڕای فەرمی پارتی بۆ دەستووری ھەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆ و پرسی ھەڵبژاردنەکان ڕاگەیاند.
لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمە دووەم کۆبوونەوەی لەم شێوەیە بوو کە لەبارەی سێ پرسی گرینگ لە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، ئەوانیش پرسەکانی، دەستووری ھەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی راپڕسی و پرسی ھەڵبژاردنەکان بە یاسا و وادەی ھەڵبژاردنەکانەوە بوون. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی تێروتەسەل لەبارەی ھەرسێ بابەت کرا و ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕا و دیدگای پارتیمان لەبارەی دەستووری ھەرێمی کوردستان خستەڕوو و بە زەرورەتێکی حەتمی بۆ ھەرێمەکەمان دەزانین و ئامادەیی فراکسیۆنی حزبەکەشمان بۆ ھەر دەستپێشخەرییەک لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئایندەدا لیژنەی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بە دەستەیەکی نوێوە ھەڵبژێردرێتەوە و تێیدا شێوازی بڕیاردان لەسەر بڕگە و ماددەکانی نووسینەوەی دەستوور دیاری بکرێت، بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ تەواوی فراکسیۆنەکانی دیکە ھاوڕابین و زەمینەسازی سیاسی بۆ ئەو مەبەستە بکرێت، تاوەکو بگەینە ئەنجام.
سەبارەت بە کۆمیسیۆنی راپرسی و ھەڵبژاردنیش لە ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرایکرد، لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر ئیستحقاقاتی ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٣ی پەرلەمانی کوردستان ئەم کۆمیسیۆنە ھەڵبژێردراوە، کە بە گوێرەی یاسای پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە نۆ ئەندام پێکھاتووە و نوێنەری پێکھاتەکانی دیکەی کریستیان و تورکمانیش لەخۆ دەگرێت.
زانا مەلا خالید ووتی، ئەم ئەنجوومەنە بەگوێرەی ئیستحقاقاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٣ ھەڵبژێردراوە و وادەی ویلایەتی ئەنجوومەنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی کوردستان لە ٢٣ی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ وادەکەی تەواوبووە، بۆیە ئێمە وەک قۆناغی یەکەمی بەر لە ھەڵبژاردنەکانی خولی داھاتوو، کە بڕیارە لە ساڵی داھاتوو بەڕێوەبچێت، پێویستیمان بەوە ھەیە، کە ئەنجومەنێکی تازە لەسەر بنەمای ئیستحقاقی ساڵی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان دروست بکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەم پێکھاتەی پەرلەمانی کوردستان بەگوێرەی قەبارەی دەنگەکانی ھەر لایەنێکی سیاسی و ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان، ئەنجومەنێکی نوێ ھەڵبژێردرێتەوە و پێکھاتەکانی ناو ئەنجومەن و پێکھاتەکانی تورکمان و مەسیحی وەک خۆیان داوایانکرد، خۆیان نوێنەری خۆیان لەناو ئەنجومەنی کۆمیسیاران دەستنیشان بکەن.
لەبارەی یاسای ھەڵبژاردن و وادەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ناوبراو ڕایگەیاند، ڕای فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە، کە پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێوە بچێت، بۆ ئەم مەبەستەش، باشترین بژاردە بۆ ئەوەی ھیچ پاساوێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن نەھێڵینەوە، سیستەمی ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ پەیڕەو کراوە و یاسای ھەڵبژاردنیش لە ھەرێمی کوردستان ھیچ بۆشاییەکی یاساییی تێدا نییە، بۆیە پێویستمان بە ھەموارێکی نوێی یاساکەی نییە.
ناوبراو جەختیش دەکاتەوە، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنین، کە پێداگرین لەسەر ئەوەی کە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت و بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر ھەرسێ ئەو پرسانەی ئەمڕۆ گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا، دەرگای گفتوگۆمان لەگەڵ تەواوی فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو پەرلەمانی کوردستان کراوە دەبێت، بۆ ئەوەی سازانێک بکەین و زەمینەسازی سیاسی باشتر و کەشێکی سیاسی باشتر لە پەرلەمانی کوردستان لەپێناو گەیشتن بە ئەنجام لەسەر ھەرسێ پرس بڕەخسێنین.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە