سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکیتی هۆکارەکانی دەنگدان بە ئۆمێد خۆشناو وەکوو پارێزگاری هەولێر ئاشکرا دەکات

پەیامی کورد     ...   سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکیتی هۆکارەکانی دەنگدان بە ئۆمێد خۆشناو وەکوو پارێزگاری هەولێر ئاشکرا دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، وەکوو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێیان خۆش بو هەڵبژاردنی پارێزگا بەم شێوازە لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە نەبێت، بەڵکوو دەنگدانی تەوافوقی بێت، چوونکە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەرکات پێویستی بە تەبایی و یەکڕیزی هەیە.

رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەمیانی ووتەیەکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەندا لەکاتی دەنگدان بە پارێزگاری نوێ هەولێر، رایگەیاند، "هەولێر ناوەندی سیاسی و دیپلۆماسی گەورەیە و پایتەختی هەرێمی کوردستانە، پێویست دەکات چۆن لە دەرەوەی هەرێم مەسەلەی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە نموونەیەکی جوانی پیشانداوە پایتەختی هەرێمی کوردستان جیاوازی هەیە لەگەڵ شارەکانی دیکە، هەریەکە و گرینگی مێژوی و جۆگرافی و دابوونەریتی کوردەواری و شۆڕەکان هەیە، بەڵام پایتەخت گرینگی خۆی هەیە".

لە بارەی هۆکاری دەنگنەدانیان بە کاندیدانی پارێزگاری هەولێر، رێباز بێرکۆتی ووتی، "ئێمە وەکوو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێمان خۆش بو بەم شێوازە لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە نەبێت، بەڵکو دەنگدانی تەوافوقی بێت، چوونکە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەرکات پێویستی بە تەبایی و یەکڕیزی هەیە و زیاتر لەم بارودۆخەی دەگوزەرێت هیچ درز و کەلێنێک درووست نەبێت".

ئەوەشی خستەڕوو، "ئومێد دەکەم کە جەنابی پارێزگاری هەولێر کە پارێزگاری هەموو شاری هەولێر بێت و ئەو کەم وکوڕیانە یان ئەو تێبینیانەی کە پێشتر ئێمە هەمان بووە جەنابی پارێزگاری هەولێر کاک ئومێد خۆشناو هەوڵبدات ئەو بارانە راست بکاتەوە، کە بەشێوازێک بێت ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی". 
ئەنجوومەنی پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ دوشەممە بە بەشداری 23 ئەندامی ئەنجوومەنەکە کۆبوەوە و پرسی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێری یەکلاکردەوە کە سێ کەس کاندیدبوون، بە دەنگی ١٨ ئەندام ئومێد خۆشناو وەک پارێزگار هەڵبژێردرا، بەڵام هەریەکە لە سەدرەدین قادر سلێمان و ئومێد عەبدۆلسەلام عارف هیچ دەنگێکیان بەدەستنەهێنا.
لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەکەدا هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی و پێکهاتەکان و ئەندامێکی سەربەخۆ بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، بەڵام هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.


ئەم بابەتە 11991 جار خوێندراوەتەوە