سەرۆکی مووساد بەهۆی پرسی ڕێککەوتنی ناووکی سەردانی ئەمریکا دەکا
پەیامی کورد ... سەرۆکی مووساد بەهۆی پرسی ڕێککەوتنی ناووکی سەردانی ئەمریکا دەکا
لەدرێژەی هەوڵدانی ئیسرائیل بۆ لەباربردنی ڕێککەوتنی ناووکی، سەرۆکی مووساد سەردانی واشینتۆن دەکات.
ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: دێوید بارنیا، سەرۆکی مووساد، کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە ڕێککەوتنێکی گەند ناوبردووە، سەردانی واشینتۆن دەکات.
ئەم ڕۆژنامەیە لەزاری بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی جەختی لەوە کردووە؛ کۆشکی سپی لە سەردانەکەی بارنیا ئاگادارە، بەڵام ئەوەی ئاشکرا نەکردووە ئەم سەردانە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی بایدن ڕێککەوتووە یانە؟
بارنیا پاش بێنی گانتس، وەزیری بەرگری و ئیال هوولاتا، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، سێیەمین دەسەڵاتداری باڵای ئیسرائیلیە کە لەمڕۆژانەدا سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی سەردانی واشینتۆن بکات.
سەرۆکی مووساد لەم ڕۆژانەدا لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە هەواڵدەری ووتبووی: ئەم گرێبەستە " گەندە" و "بنەماکەی درۆیە" .
بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ئیسرائیلی یەکدەنگن که ئەم گرێبەستە "خراپە" و ئیسرائیل پابەندی نابێت و ئەم مافەی هەیە کە دژی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی بجووڵێتەوە.
یائیر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو: سوپا و دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل هەموو هەوڵیان دەخەنە گەڕ بۆ بەرپەرچدانەوەی مەترسی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی.
ناوبراو جەختی لەوە کردبوو: ئەگەر گرێبەستێک واژوو بکرێت، ئێمە پابەندی نابین. ئێمە پاڵپشتی لەم ڕێککەوتنە ناکەین و ئەمەش نابێتە هۆی ئەوە ئێمە دژ بە کۆماری ئیسلامی سڵ بکەینەوە. سوپای ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری مووساد بۆ هەر چەشنە سیناریۆیەک ئامادەیە .
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە