سەرۆکی هەرێمی کوردستان : با یادى شه‌هیدان بكه‌ینه‌ هه‌وێنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كترقبووڵكردن

پەیامی کورد   ...  سەرۆکی هەرێمی کوردستان : با یادى شه‌هیدان بكه‌ینه‌ هه‌وێنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كترقبووڵكردن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە بیستەمین ساڵیادی دوو تەقینەوەکەی 1ـی شوباتی هەولێر دەڵێ، با یادی شەهیدەکان بكه‌ینه‌ هه‌وێنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كترقبووڵكردن و كارى پێكه‌وه‌یى بۆ خزمه‌تكردنى باشترى ئێستا و داهاتووى گه‌ل و نیشتمان." 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 1-2-2024) رایگەیاند، "به‌ شكۆوه‌ یادى هه‌ڤاڵان و هاوكارانمان، شه‌هیدانى نه‌مرى یه‌كى شوبات ده‌كه‌ینه‌وه‌ و سه‌رى ڕێز و نه‌وازشیان بۆ داده‌نوێنین."  

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێ، "با یادى شه‌هیدان كه‌ پۆلێك سه‌ركرده‌ و كادیرى دیار و به‌تواناى پارتى و یه‌كێتى و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ و خه‌ڵكى كوردستان بوون و كرانه‌ ئامانجى تاوانێكى ڕه‌شى تیرۆرستى، بكه‌ینه‌ هه‌وێنى یه‌كڕیزى و ته‌بایى و یه‌كترقبووڵكردن و كارى پێكه‌وه‌یى بۆ خزمه‌تكردنى باشترى ئێستا و داهاتووى گه‌ل و نیشتمان."  

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ، "دروود بۆ یاد و گیانى شه‌هیدانى یه‌كى شوبات و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان. گیانیان شاد و یادیان هه‌میشه‌ به‌ خێر بێت. سڵاو و ڕێز بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزیان."

لە 1ـی شوباتی ساڵی 2004 کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوو تەقینەوەی خۆکوژی روویاندا و، بەهۆیانەوە 103 کەس لە هەردوو بارەگا شەهید بوون و 246 کەسی دیکەش بریندار بوون.


ئەم بابەتە 12010 جار خوێندراوەتەوە