سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو کۆبوونەوەی گرینگی لەگەڵ سەرۆکایەتی فەڕەنسا دەبێت
پەیامی کورد ... سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو کۆبوونەوەی گرینگی لەگەڵ سەرۆکایەتی فەڕەنسا دەبێت
دوێنێ دووشەممە، (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە پاریس و، بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆشكی ئیلیزێ لە پاریس، لەگەڵ سەرۆككۆماری فەڕەنسا (ئیمانوێل ماكرۆن) كۆببێتەوە، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە فەڕەنسا دەڵێ، دۆسیەی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی كۆماری فەڕەنسا هەیە و گرینگی زۆری پێ دەدەن، فەڕەنساش لە ڕابردوودا پیشانی داوە كە دۆستی كوردە و دەیەوێ بیسەلمێنێ كە لە داهاتووشدا دۆستی كورد دەبێت.
نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە فەڕەنسا، د. عەلی دۆڵەمەری، ڕایگەیاند : "ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، دوو كۆبوونەوەی گرینگی دەبێت، كۆبوونەوەی یەكەمدا کاتژمێر (1) و چارەكی پاشنیوەڕۆیە بە كاتی پاریس، بۆ نانخواردنی نیوەڕۆ لە كۆشكی ئیلیزێ لەگەڵ (ئیمانوێل ماكرۆن)، سەرۆككۆماری فەڕەنسا دادەنیشن، كۆبوونەوەی دووەمیش کاتژمێر (6) و نیوی ئێوارە بە كاتی پاریس، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا كۆدەبێتەوە".
دۆڵەمەری، لەبارەی گرنگیی سەردانەكەش گوتی: "ئێستا ئەورووپا و فەڕەنساش لە بارودۆخێكی زۆر خراپدان سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بانگهێشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان كردووە، بۆ ئەوەی لەسەر دواپێشهاتەكانی عێراق گفتوگۆ بكەن، چونكە هەرێمی كوردستان بۆ فەڕەنسا زۆر گرنگە و ئێستا دۆسیەی هەرێمی كوردستان لە كۆشكی كۆماری فەڕەنسا هەیە و بایەخی زۆری پێ دەدەن."
دەشڵێ: "داوەتكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن فەڕەنساوە، بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستانیش گرینگە، چوونكە لە رووی نێودەوڵەتییەوە كوردستان دەچێتە بوارێكی ترەوە و وڵاتانی تریش دەستپێشخەر دەبن و چاو لە فەڕەنسا دەكەن، كە ووڵاتێكی زلهێزە و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و ئەندامیشە لەناتۆ، هەروەها بە هاوبەشی لەگەڵ ئاڵمانیا سەركردایەتی یەكێتی ئەورووپا دەكات و، یەكێكە لەو ووڵاتانەی كە چەكی ئەتۆمی هەیە، بۆیە ئەمە دەبێتە هاندەر بۆ ئەوەی ووڵاتانی تریش پێشوازی لە سەركردەكانی كورد نەك تەنها لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵكوو لە سەرۆكی حكوومەت و بەرپرسانی تریش بكەن، ئەمەش وا دەكات دۆسیەی كورد بچێتە قۆناغێكی بەرزتر لە بواری نێودەوڵەتیدا."
د. عەلی ئاماژەشی دا: "فەڕەنسا دەزانێت چارەسەری ئاشتەوایی و سەقامگیری عێراق و ناوچەكە، بە بێ هەرێمی كوردستان ناكرێت، بۆیە ئەمڕۆ داوەتی نێچیرڤان بارزانی كراوە، بۆ ئەوەی باسی بابەت و پرسە گرنگەكان بكەن، بە تایبەت پرسی داعش كە هەر ماوە، فەڕەنسا دەیەوێ لە رووی ئایدۆلۆژیاشەوە كەم بكرێتەوە، هەروەها پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا لە بوارەكانی کلتووری و رۆشەنبیری و ئابووری، تاوتوێ دەكەن".
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فەڕەنسا روونیشی كردەوە: "بەردی بناغەی ئەم پەیوەندییەی نێوان هەرێمی كوردستان و فەڕەنسا، لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) دانرا، كە ئەوكات بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2010 سەردانی فەڕەنسای كرد و لەلایەن ساركۆزی یەوە پێشوازی لێ كرا و بووە هۆی ئەوەی هەردوو سەرۆكایەتی فەڕەنسا و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكی بەهێزیان هەبێت".
دۆڵەمەری ئەوەشی خستە ڕوو: "فەڕەنسا لە ڕابردوودا پیشانی داوە كە دۆستی كوردە و دەیەوێ بیسەلمێنێت كە لە داهاتووشدا هەر دۆستی كورد دەبێت و هاوكاری گەلی كوردە".
ووتیشی: "ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی تەمەشای كۆبوونەوەی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكانی فەڕەنسا بكەین، بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆوە دەبێتە 11ـیەمین كۆبوونەوەی نێوان هەردوولا، كە زۆرگرینگە لە مێژوودا لە 11 ساڵدا، 11 كۆبوونەوە هەبووە، كە لەسەر ئاستی دەوڵەتانیش بەم شێوەیە نەبووە".
ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە