سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەردۆغان كۆبوونەوە

پەیامی کورد    ...   سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەردۆغان كۆبوونەوە

ھەینی ٢٠٢٥/٤/١١ لە چوارچێوەی بەشداریکردنی دا لە کۆڕبەندی ئانتالیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، باسیان لە گرینگی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا کرد و تیشکیان خستە سەر پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان. ھەروەھا جەختیان لەسەر خواستی دوولایەنە بۆ فراوانکردنی ھاوکاری ھاوبەشی نێوانیان کردەوە، بە شێوەیەک خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی ھەردوولا بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسیان لە پڕۆسەی ئاشتی و دوا کۆبوونەوەی سەرۆک ئەردۆغان لەگەڵ شاندی ئیمرالی کرد. سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، وێڕای ستایشی ڕۆڵی ئەردۆغان لەمبارەیەوە، پڕۆسەکەی بە مێژوویی لە قەڵەم دا و جەختی لەوە کردەوە کە ھەرێمی کوردستان بۆ ھەر ھاوکارییەک لەپێناو سەرخستنی پڕۆسەکەدا ئامادەیە.

ھەروەھا ووتی : پڕۆسەی ئاشتی دەرفەتێکە دەبێت ھەمووان زۆر بە جیددی وەریبگرن و نابێت بە ھیچ شێوەیەک ئەم دەرفەتە لەدەست بدرێت. ھەر لەمبارەیەوە دووپاتی کردەوە بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی، پێویستە پەکەکە بەپیر بانگەوازی بەڕێز ئۆجالانەوە بچێت و بەتەواوی پابەندی بێت.‌

دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و دۆخی سووریا بەتایبەتی، گرینگی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.


ئەم بابەتە 35 جار خوێندراوەتەوە