سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد     ...   سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەبێت هاوتەریب پلانی گەشەپێدان و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی بەئاڕاستەی خود دابینکاریی جێبەجێ بکرێت.

د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، "پلانی دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلار، کاریگەری راستەوخۆ و نەرێنی لەسەر گوزەرانی هاووڵاتیان و نرخی شمەک و پێداویستی ڕۆژانە دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "دەبێت هاوتەریب پلانی گەشەپێدان و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، بەئاڕاستەی خود دابینکاریی(اکتفاء الذاتي) جێبەجێ بکەین".
بانکی ناوەندی عێراقی ئەمڕۆ یەکشەممە بەنووسراوێکی فەرمی بانکی ناوەندیی عێراق نرخی نوێی دۆلاری ئەمریکی ئاراستەی بانەکان کردوە و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی یەک دۆلار بە ١٤٥٠ دینار دەفرۆشێت بەبانکە ئەهلییەکان، بانکە ئەهلییەکانیش یەک دۆلار بە ١٤٦٠ دینار دەفرۆشن بە بازاڕەکانی دراوی بیانی.  

لەنوسراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەبانکە ئەهلی و بازاڕەکانی دراوەکانەوە یەک دۆلار بە ١٤٧٠ دینار دەفرۆشرێت بە کڕیاری ئاسایی، بەوەش، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی بەرامبەر ١٤٧٠ هەزار دیناری عێراقی دەبێت.
دوێنێ شەممە، بانکی ناوەندی عێراقی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلاری بەرامبەر دیناری عێراقی راگەیاند، پسپۆڕانی ئابووری پێیانوایە ئەو هەنگاوە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بژێوی هاووڵاتیان و مووچەخۆران دەبێت، لەبەرئەوەی مووچە بەدیناری عێراقی وەردەگرن، ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراقیش لەوبارەیەوە رایگەیاندوە، تەنانەت پەرلەمانیش ناتوانێت بڕیارەکەی بانکی ناوەندی راگرێت.


ئەم بابەتە 11994 جار خوێندراوەتەوە