سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لهگهڵ وهزیرى دهرهوهى فهڕهنسا كۆبووهوه
پەیامی کورد ... سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لهگهڵ وهزیرى دهرهوهى فهڕهنسا كۆبووهوه
چوارشەممە ٢٠٢٥/٤/٢٣، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندێکی یاوەری کرد کە بە سەردانێکی فەرمی لە عێراقن.
لە کۆبوونەوەیەکدا ھەردوولا گفتوگۆیەکی فراوان و بەرھەمداریان دەربارەی چۆنیەتی برەودان بە پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەنجام دا و دەربارەی پێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکە بەگشتی، بیروڕایان گۆڕییەوە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژوویییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرز ھەڵدەسەنگێنێت، ھەروەھا خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی ھاوکاری ھاوبەش لە ھەموو بوارەکان، بەتایبەتی لە بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ھاوکاری ئابووری و کولتووریدا، نیشان دا.
هەروەها سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی بۆ فەرەنسا و ئیمانۆئێل ماکرۆن دووپات کردەوە بۆ پشتگیری بەردەوامیان لە عێراق و لە گەلی کوردستان، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا. ھەروەھا ڕایگەیاند: چاومان لە بەردەوامی ھاوکاری و ھەماھەنگی ھاوبەشە بۆ خزمەتکردنی ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە خواستی ووڵاتەکەی بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.
هەروەها داکۆکی لەوە کرد کە فەرەنسا وەک ھاوبەشێک بە بایەخێکی زۆرەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت و بەردەوامی پشتگیری ووڵاتەکەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا، دووپات کردەوە.
دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. دوای کۆبوونەوەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسیان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان کرد.
سەرەتا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ووتی:
زۆر خۆشحاڵم ئەم ئێوارەیە لێرە لە ھەولێر پێشوازیم لە جەنابی ژان نۆئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد.
سوپاسی جەنابیان دەکەم بۆ سەردانیان بۆ ھەرێمی کوردستان. ئێمە گفتوگۆیەکی فراوان و بەرھەمدارمان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا و گۆڕانکارییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا، ئەنجام دا.
ئێمە دۆستایەتی و پەیوەندی مێژوویی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرز ھەڵدەسەنگێنین. جەخت لە پابەندیمان بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ھاوکاری ھاوبەشمان لە ھەموو بوارەکاندا دەکەینەوە. بەتایبەتی لە بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، ھاوکاری ئابووری و کولتووری و بوارەکانی تریش.
ھەر لەم دەرفەتەدا سوپاس و پێزانینی قووڵمان بۆ فەرەنسا و جەنابی سەرۆک ماکرۆن دووپات دەکەینەوە، بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە گەلی کوردستان، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا.
چاومان لە بەردەوامیی ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوانمانە بۆ خزمەتکردنی ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا.
دووبارە زۆر بە خێر بێن جەنابی وەزیر.
پاشان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ووتی:
بەڕێز سەرۆک، ئازیزم نێچیرڤان بارزانی، مایەی خۆشحاڵی گەورەمە کە ئەمڕۆ لێرەم لەگەڵتان لە ھەولێر، لە یەکەم سەردانمدا بۆ عێراق، سەردانێک کە نەمدەتوانی بیری لێ بکەمەوە بەبێ وەستان لە دڵی ھەرێمی کوردستان.
دەمەوێت سوپاستان بکەم، ھەروەھا سوپاسی سەرۆک مەسعوود بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بۆ گەرمی پێشوازیکردن و نیشانەی دۆستایەتیتان. دۆستایەتییەکی تایبەت ھەیە لە نێوان فەرەنسا و کوردستان، لە نێوان گەلی کورد و گەلی فەرەنسا. لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵدا، پەیوەندی بەھێز و برایانەمان گەشەپێداوە، کە لەسەر خەباتی ھاوبەش و پابەندبوون بە ئازادی، دامەزراوە.
فەرەنسا یەکەم دەستپێشخەری کرد، لە ٥ی نیسانی ١٩٩١، بۆ ھاندانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو پەسەندکردنی بڕیاری ٦٨٨، کە ڕێگەی بۆ خۆبەڕێوەبەری کوردی لە عێراق خۆش کرد.
لە ساڵانی ڕابردوودا، جەنگ دژی داعش فاکتەرێک بوو بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانمان و دەتوانم بڵێم کە لە نێوانماندا (برایەتی چەک)ی ڕاستەقینە ھەیە. ھێزەکانمان بەردەوامن لە شەڕکردن لە پاڵ پێشمەرگە، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی سووریای دیموکرات.
دەمەوێت لەبەردەمتان دا ستایشی ئازایەتی و فیداکاری ھێزەکانی پێشمەرگە بکەم. ئاشتی و گەشەسەندن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت بەدەست بێت بەبێ پاراستنی فرەیی لە ناوچەکە. ئەوەم پێش کەمێک بە پەتریارکی کلدانی مار لوئیس ساکۆ گوت کە دڵسۆزی نەگۆڕی فەرەنسام بۆ دووپات کردەوە.
ئەمڕۆش، دووبارە بۆ جەنابی سەرۆک و بۆ دەسەڵاتەکانی ھەرێم بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە، ھاوکاری فەرەنسا و ڕۆحی دیالۆگ کە تایبەتمەندیمانە، دووپات دەکەمەوە.
سەرەتای ھاوکاریمان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، دوژمنی ھاوبەشمان کە سەرەڕای لاوازی، ھێشتا توانای درووستکردنی مەترسییان ھەیە. نە فەرەنسا، نە کوردستانی عێراق کە ھەردووکیان زۆر ئازاریان بینیوە لە تیرۆری ئیسلامی، ناتوانن سازش بکەن یان پاشەکشە لە دەستکەوتەکانی دە ساڵ خەبات بکەن.
ئێمە ھێشتا سوورین لەسەر پێشکەشکردنی ھەموو پشتگیرییەکی پێویست بۆ ھاوبەشەکانمان لەم ململانێیەدا، ھەروەھا ھاوکاری لەبارەی دەرئەنجامی ناکۆکییەکان کە ناوچەکە بە تەواوی دەھەژێنن.
ناوەندەکانی قەیران زۆرن، لە جەنگی غەزەوە بۆ گرژی لەگەڵ ئێران، ھەروەھا دەرئەنجامەکانی ڕووخانی بەشار ئەسەد و ئاستەنگەکانی قۆناغی گواستنەوە لە سووریا.
ئەگەر ھەولێر لە ساڵی ٢٠٢٣ و کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا بەر ھێرش کەوتبێت، عێراق و ھەرێمی کوردستان بە گشتی توانیویانە خۆیان لەو گرژییە ھەرێمییانە دوور بگرن، بەڵکوو بەشداریشیان کردووە لە ھەوڵەکانی ھێورکردنەوە.
دیالۆگی سیاسی و دیپلۆماسی کە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ھەرێم دەیکەین، بەھایەکی زۆری ھەیە، بۆ شکاندنی بازنەی توندوتیژی کە ھێرشی تیرۆریستی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ھەڵیگیرساند.
جەنابی سەرۆک، ئاماژە بە ھەماھەنگی نزیکمان دەکەم، بۆ پشتگیریکردنی ھەوڵەکانی ژەنەراڵ مەزلووم و ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کورد لە سووریا و یەکخستنی ڕیز و کاریگەری ئەرێنی لەسەر پرۆسەی گواستنەوەی بەردەوام لە سووریا، بە جۆرێک کە فرەیی و مافەکان و بەرژەوەندییەکانی کورد و ھەموو پێکھاتەکانی کۆمەڵگەی سووری و بەردەوامی شەڕی دژی تیرۆری ئیسلامی دابین بکات. پاش کەمێکی دیکە گفتوگۆ لەگەڵ ژەنەراڵ مەزلووم دەکەم لەسەر ئەم بابەتە.
لە بەرامبەر ئەم ئاستەنگانەدا، فەرەنسا باوەڕی وایە کە ھێزی دامەزراوە دیموکراتییەکان، کە ھەرێمی کوردستان نموونەکەیەتی لە ناوچەکەدا، بەشێکی گرینگە. ئەمەیە واتای ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان کە لە ھەرێم دا لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو ئەنجامدران، ھەروەھا ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فیدراڵی کە بۆ پایزی داھاتوو دیاریکراون.
فەرەنسا پشتگیری کردووە و بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئەم پرۆسەی ھەڵبژاردنانە. ئەمەش گرینگییەکی زۆر دەدات بە گفتوگۆ بەردەوامەکان لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم، بە جۆرێک کە توانای کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناسەقامگیری ھەرێمی بەھێز بکات.
لە کۆتایی دا، ئەمە واتای ئەو دیالۆگەیە کە لە نێوان ھەولێر و بەغدایە و فەرەنسا وەک دەرفەتێک بۆ بەھێزکردنی یەکیتی عێراق و ئاسایش و گەشەسەندنی دەیبینێت و بە ھەمان شێوە ئەمنیەت و گەشەسەندنی ھەرێم لە ناویدا.
زۆر شتمان ھەیە پێکەوە بیکەین جەنابی سەرۆک، وەک فەرەنسی و کورد. ھەوڵەکانمان لە بواری دیپلۆماسی و کولتوور لە کوردستان ڕەنگدانەوەی ھەیە لە پرۆژەی بەرجەستەی ڕۆژانە. ھاتووم بۆ لاتان بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان بەم پەیوەندییە و ئارەزوومان بۆ گەشەپێدان بەمەبەستی درووستکردنی داھاتووی ھاوبەش.
ئەمە ئامانجە لە پشتگیریمان بۆ پەروەردەی گەنجان لە ڕێگەی پەیمانگەی فەرەنسی لە ھەولێر و پەیمانگەی فەرەنسی بۆ ڕۆژھەڵاتی نزیک و ھەردوو قوتابخانەی فەرەنسی "دانیال میتران" لە سلێمانی و ھەولێر.
ئەم دامەزراوانە بەشدارن لە بڵاوکردنەوەی زمانی فەرەنسی و کولتوور و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و زانستی. ھەروەھا ئێمە کار بۆ پشتگیری گەشەسەندنی ئابووری لە کوردستان دەکەین، لە ڕێگەی بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان کە ڕێگەیەکە لەگەڵ فۆرمی ئابووری فەرەنسی-کوردی دەستی پێکرد کە لە سێپتەمبەری ڕابردوودا بەستران و کار دەکەین بۆ زیاتر بەھێزکردنی.
ئەمانە ئەو بابەتانەن کە ویستم بە متمانەوە لەگەڵتان گفتوگۆی لەسەر بکەم جەنابی سەرۆک، ھەروەھا لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ھەرێم. ئەوەم کرد بە ڕۆحی دۆستایەتی و ھاوکاری و دڵسۆزی کە تایبەتمەندی پەیوەندییەکانی فەرەنسی-کوردیمانە.
دووبارە سوپاس بۆ پێشوازیتان.
ئەم بابەتە 18 جار خوێندراوەتەوە