سەرۆکی ھەرێمی کوردستان په‌یامی سه‌ره‌خۆشی بۆ کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان ئاراستە دەکات

پەیامی کورد   ...   سەرۆکی ھەرێمی کوردستان په‌یامی سه‌ره‌خۆشی بۆ کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان ئاراستە دەکات

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی دەربارەی کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان بڵاوکردەوە و دەڵێت: سیمبولێکی ئاشتی و دادپەروەری و نزیکبوونەوەی نێوان گەلان و ئایینەکان بوو.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆچی دوایی پاپا فرانسیس:

بە خەمێکی زۆر و دڵتەنگییەکی قووڵەوە، ھەواڵی کۆچی دوایی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس م بیست کە سیمبۆلێکی ئاشتی و دادپەروەری و نزیکبوونەوەی نێوان گەلان و ئایینەکان و نموونەیەکی خاکەڕایی و ڕۆحانییەت و بەزەیی بوو.

بەناوی گەلی کوردستان و خۆمەوە، لە ناخەوە سەرەخۆشی و ھاوخەمی قووڵم پێشکەش بە جیھانی مەسیحی و تەواوی مرۆڤایەتی دەکەم و ھاوئازاری لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە مێژووییە گەورەییەین کە ژیانی خۆی بۆ خزمەتی مرۆڤ و بەرگری لە شکۆی مرۆیی و بڵاوکردنەوەی پەیامی خۆشەویستی و پێکەوەژیان تەرخان کردبوو.

ئێمە لە ھەرێمی کوردستان، کە فرەیی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان بنەمای کۆمەڵگەکەمان پێکدێنن، میراتی مرۆیی و ڕۆحیی پاپا فرەنسیس بەرز دەنرخێنین و نزا دەکەین و لە خوای مەزن داواکارین گیانی بە بەزەیی و میھرەبانی خۆی شاد بکات و ئارامی دڵنەوایی بە ھەمووان ببەخشێت.

خوالێخۆشبوو پاپا فرەنسیس بە جەستە کۆچی دوایی کرد، بەڵام یاد و پەیامەکەی، ھەمیشە بە چرای ھیوا و ئاشتی بۆ مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆ ئێمەش یادی سەردانەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان لە ٢٠٢١، بۆ ھەمیشە زیندوو و جێی شانازیمان دەبێت.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

٢٠٢٥/٤/٢١


ئەم بابەتە 20 جار خوێندراوەتەوە