سەرۆکی یەکیتی زانایانی ئائینی ئیسلامی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد      ...   سەرۆکی یەکیتی زانایانی ئائینی ئیسلامی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە

د.عەبدۆڵڵا مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسیەکان کرد و تێیدا داوادەکات هەموان بەپیر پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمەوە بچن.

سەرۆکی یەکێتی زانایان لەپێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکان کردوە و تێیدا نووسیویەتی،" گرینگە لایەنە سیاسیەکان ئەم بەهارە بکەنە بەهاری ئاشتی."

لە پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی زانایاندا هاتووە،" هیواخوازم بەهاری ئەمساڵ بەهاری ئاشتی و ئاشتبوونەوەو یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد بێت، بەتایبەت ئەم قۆناغەی گەلەکەمان پێی تێپەڕ دەبێت وا دەخوازێ هەموان لە پێناو ئامانجی گشتی و نەتەوەیی تێبکۆشین و بەرژەوەندی باڵای کوردستان لەبەر چاو بگرین."

هەروەها نووسیویەتی، " سەرۆکی هەرێم لە دوا پەیامی بە بۆنەی نەورۆز دەستپێشخەریەکی گرینگی ووروژاند بەوەی دوای نەورۆز بانگهێشتی سەرجەم لایەنەکان دەکات بۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت."
ئاماژەی بەوەش کردوە،" ئەو هەنگاوە دڵخۆشکەرو ئومێد بەخشە بۆ ئێستای گەلەکەمان، چونکە دەمێکە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی هەنگاوی لەم جۆرەیە."
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی زانایان دەڵێت،" بە پێی ئەزمون وەرگرتن لە رووداوەکانی رابردوو وە بەهەموو پێوەرو شرۆڤەکان دەرکەوتووە خاڵی بەهێزی کورد لە یەکبون و یەک هەڵوێستی و تەبایی نێوماڵی خۆی بوە، ئەمەش وا دەخوازێ هەمووان هیممەتی بۆ بکەن."
ووتووشیەتی،"دەخوازم سەرجەم لایەنە سیاسیەکان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی و لەبەرچاوگرتنی ئامانجی نیشتمانی بە ستراتیژو هەنگاوی ئاشتیانە لێک نزیک ببنەوەو ئەجێندای تەسک و حزبی و تایبەتی وەلاوەبنێن و، بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی لەبەر چاو بگرن."


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە