سەرۆکی HUDA PAR لەگەڵ سەرۆکی حەماس کۆبووەوە

پەیامی کورد   ...  سەرۆکی HUDA PAR لەگەڵ سەرۆکی حەماس کۆبووەوە

زەکەریا یاپیچیۆئۆغڵو سەرۆکی HUDA PAR کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵ بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس ئیسماعیل هەنیە ئەنجامدا.

سەرۆکی هۆدا پار، زەکەریا یاپیچیۆئۆغڵو کە بەشداری لە ڕێپێوانی پشتیوانی لە  بزووتنەوەی حەماس بە ناوی "رێپێوانی قودسی مەزن" لە شاری باتمان کرد، دیدارێکی نهێنی لەگەڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل هەنیە ئەنجام دا.

هۆدا پار لە بەیاننامەیەکدا کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند، بەڵام هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە شوێن و کاتی کۆبوونەوەکە نەدا.

بەگوێرەی ڕاگەێندراوەکە، یاپیچیۆئۆغڵو و هەنیە باسی شەڕی غەززەیان کردووە.

لە بەیاننامەکەدا ڕاگەێندرا کە ئیسماعیل هەنیە لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە کە "بەرخۆدانی غەززە بەردەوامە" و سەرنجی ڕاکێشاوە بۆ بەپەلە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بە خەڵکی غەززە.

هەنیە هەروەها داوای بەردەوامی هاوکارییە پزیشکییەکان و چالاکییەکانی پشتیوانی جەماوەری بۆ غەززە و بەردەوامبوونی بایکۆت لە جیهاندا کردووە.

هەروەها سەرۆکی گشتی HUDA PAR زەکەریا یاپیچیۆئۆغڵو بە بەیاننامەیەک کۆبوونەوەکەی پشتڕاستکردەوە و ڕایگەیاند کە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی غەززە دەکەن.


ئەم بابەتە 12011 جار خوێندراوەتەوە