سەرۆک بارزانی : داواتان لێ دەکەم ئەوەی لە دڵتانە بە ڕاشکاوی بۆم باس بکەن
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی : داواتان لێ دەکەم ئەوەی لە دڵتانە بە ڕاشکاوی بۆم باس بکەن
سەرۆک بارزانی لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران و هەڵگرانی میدالیای بارزانی و پەککەوتوانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی سنووری دەڤەری بادینان کۆ بووەوە.
دووشەممە 21ی ئابی 2023 لە شاری دهۆک سەرۆک مەسعوود بارزانی بە مەبەستی دیدار و ئاگاداربوون لە ڕەوشی ژیانیان و پێشنیار و تێبینییەکانیان لەگەڵ خانەوادەی شەهیدان و تێکۆشەران و هەڵگرانی مەدالیای بارزانی و بریندار و پەککەوتووانی سەنگەر و زیندانیانی سیاسی سنووری دەڤەری بادینان کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی ووتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ.
سەرۆک بارزانی ئاماژەیشی بەو کۆسپ و هەڕەشە و تەحەدییاتانە کرد کە لە بەردەم خەڵکی کوردستاندا هەن و جەختی لە بایەخی پابەندبوون بە هۆشیاریی نەتەوەیی و ئاگادارکردنەوەی گەنجەکان و گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکان و نیشتمانپەروەری کردەوە.
سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ قوربانیدان و ماندووبوونی خانەوادەی شەهیدان و پێشمەرگە و تێکۆشەران هەبوو و ڕایگەیاند: ''ئێوە لەپێناو کەرامەتی گەلەکەتان خوێنتان داوە و ماندوو بوونە و زەحمەتتان کێشاوە و هەرچی بۆتان بکرێت هەر کەمە. من هاتووم گوێ لە گلەیی و گازندە و ئێش و ئازارەکانتان بگرم و داواتان لێ دەکەم ئەوەی لە دڵتانە بە ڕاشکاوی بۆم باس بکەن.''
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە و بەرفراوان ئەنجام درا و ئامادەبوان پرسیار و داواکاری و تێبینییەکانیان بۆ سەرۆک بارزانی خستە ڕوو.
ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە