سەرۆک بارزانی : رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنین

پەیامی کورد   ...   سەرۆک بارزانی : رۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنین

سەرۆک بارزانی، لە ووتاریدا لە بانگەشەی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند : پارتی بڕوای بە ئاشتی و دیموکراتی و  پێکەوە ژیانە، بە کردەوە سەلماندوویەتی، نەوەک بە قسە؛ ئێمە مەبەست و ویستمانە خەڵکی بەختەوەر بێت، لە ژیانێکی خۆشدا بێت، ئێمە ئاواتمان خۆشگوزارەنی خەڵکی کوردستانە.

سەرۆک بارزانی بارزانی لە ڕێوڕەسمی بە فەرمی دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ووتاریدا،  پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان کرد کە لە 25ـی ئەیلوول، کە ڕۆژی ڕیفراندۆم بوو، بڕیاری دا نەهێڵێ ئیرادەی بشکێت و خۆی نەچەماند .

سەرۆک بارزانی رایگەیاند: لەم ڕۆژەدا بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دەستی پێ کرد و هیوای سەرکەوتن بۆ کاندیدەکان دەکەم. پشت بەخوای گەورە و بە هیممەتی دڵسۆزانی کوردستان و بەفەرموودەی بارزانی نەمر، هەموو کوردێکی دڵسۆز پارتییە، بە هیممەتی پارتییەکان خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ڕۆژی ٢٠-ی ئۆکتۆبەر و سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنین، دەبێت بڕواتان بەخۆتان هەبێت و بە ئومێدی بەرزەوە و متمانەی بەهێزەوە خۆتان ئامادە بکەن، دەبێت زیاتر بڕواتان بە سەرکەوتن هەبێت و نابێت بیر لە شکست بکرێتەوە، پێویستە هەر یەکێک لە ئێوە خۆی ئامادە بکات سەر بکەوێت و سەریش دەکەوین، پشتیوان بەخوا.

سەرۆک بارزانی ووتی: بۆ هەرێمی کوردستان کەس خێری پێمان نەکردووە، ئەو هەرێمە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، خوێنی ئەنفالکراوانە، خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکانە، ڕەنجی خەڵکی کوردستانە، پارتی شەرەفێکی گەورەی بەرکەوتووە خوێنێکی زۆری داوە بۆ دەستخستنی ئەو دەستکەوتە مەزنە و پاراستنی ئەو دەستکەوتە مەزنە.

سەرۆک بارزانی ووتیشی: من لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێ پایانی هاووڵاتیانی کوردستان بکەم بۆ خۆڕاگریان و پشتیوانیان بەرامبەر بەو پیلانانەی دەرەکی و بە چاوساغی هەندێک لە ناوخۆ کە ویستیان هەرێمی کوردستان تێک بدەن، تەحەموولیان کرد و سەبری ئەیوبیان هەبوو، خۆیان ڕاگرت و هەرێمەکەیان پاراست، سوپاسیان دەکەم و پیرۆزباییان لێ دەکەم.

ووتی: پارتی بڕوای بە ئاشتی و دیموکراتی و  پێکەوە ژیانە، بە کردەوە سەلماندوویەتی، نەوەک بە قسە؛ ئێمە مەبەست و ویستمانە خەڵکی بەختەوەر بێت، لە ژیانێکی خۆشدا بێت، ئێمە ئاواتمان خۆشگوزارەنی خەڵکی کوردستانە.

سەرۆک بارزانی ووتی: داوا دەکەم لەو هەڵبژاردنە زۆر لەسەرخۆ بن، دوور لە تووندوتیژی، لە بەکارهێنانی زمانی زبر، ڕاتان نەکێشن بۆ شەڕێکی لا بەلا، سەنگی خۆتان و پارتەکەتان بپارێزن، زۆرجار ووڵام نەدانەوەی خەڵکی نابەرپرسیار ووڵام دانەوەیە، ووڵام نەدانەوە خۆی ووڵامدانەوەیە. ئەگەر پێویست بە ووڵامدانەوە بکات دەبێت بەشێوەیەکی مەدروس بێت، ئەگەر لە حاڵەتێک کە ووڵامێک پێویست بوو، ئەوەتان لەبیر نەچێت، ئەوەی زمانی درێژە، دەستی کورتە


ئەم بابەتە 49855 جار خوێندراوەتەوە