سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە یەکیتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە یەکیتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان کرد

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکیدا بە بۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی یەکیتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە قوتابیان و لاوانی کوردستان دەکات.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی.

بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان

بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکیتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان

بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی یەکگرتنەوە و ھەڵبژاردنتان وەک سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەتی یەکیتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم قوتابی و لاوانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.

ھیوادارم یەکگرتنەوەی قوتابیان و لاوان و دەرئەنجامەکانی کۆنگرەکەتان ببێتە ھۆی بەھێزتربوونی شێوازی کار و ڕێکخستنی قوتابیان و لاوان و خزمەتی زیاتری دۆزی قوتابیان و لاوانی ئازیزی کوردستانی لێ بکەوێتەوە.

لەو بۆنەیەدا پشتیوانی خۆم بۆ داواکاری و بەرنامە و ئامانجەکانتان دووپات دەکەمەوە و ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی خۆشەویست ھەیە لەژێر تیشکی ھزر و بیری نیشتیمانپەروەرانە و بەپێی بەرنامە و پلانی ڕێک وپێک قوتابی و لاوی پێگەییشتوو و زیرەک و خاوەن ئیرادە و داھێنەر بۆ ووڵاتەکەمان پێ بگەیێنن و ھەردەم لە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستاندا بن.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و ھەر لە سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامدا بن.

 

مسعود بارزانی

١٦ی ئایاری ٢٠٢٥


ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە