سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کرد
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەکات و لەبارەی هێرشە مووشەکییەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر ئاماژە بەوەکرا، ئەم پەلامارانە هیچ بیانویەک هەڵناگرن و ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە ئەوانەی بوونەتە قوربانی خەڵکی سڤیلن و ئەو شوێنەی مووشەکباران کراوە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی بووە.
رۆژی چوارشەممە (17ـی کانوونی دووەمی 2024) لە سەڵاحەددین، سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق باسی لەوە کرد کە ئامانج لە سەردانەکەی بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی و پشتیوانی خۆی و ووڵاتەکەیەتی بۆ گەلی کوردستان بەهۆی بۆردمانە بێ پاساوەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان، و ئەم کردەوەی بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق لەقەڵەمدان و ڕایگەیاند ئەم پەلامارانە هیچ بیانوویەک هەڵناگرن و ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە ئەوانەی بوونەتە قوربانی خەڵکی سڤیلن و ئەو شوێنەی مووشەکباران کراوە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی مەدەنی بووە.
سەرۆک بارزانی سوپاسی باڵیۆزی ئەمریکای کرد بۆ گەیاندنی هاوسۆزی و هاوخەمی گەل و حکوومەتی ئەمریکا، و رایگەیاند کە ئێمە هەمیشە خوازیاری هەبوونی پەیوەندی پتەو و دۆستانەی بەهێزی هەرێمی کوردستان و عێراقین لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری خاکی یەکتر و ڕێكکەوتنی هاوبەش.
هەروەها سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پەلامارەکانی سوپای پاسداران بێ بنەمابوون و زوڵمێکی گەورە بوو لە هەموو گەلی کوردستان کرا و پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ئەم جۆرە پەلامارانە ئیرادەی گەلی کوردستان ناشکێنن بەڵکوو بەهێزتر و پتەوتری دەکەن. سەرۆک بارزانی هێمای بەوەشدا کە هەرگیز لەگەڵ ئاژاوە و توندوتیژی و ناسەقامگیری نین و خوازیاری پەیوەندی دۆستانە و بەهێزن لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ بەڵام ناچینە ژێرباری سەپاندنی بڕیاری تاکلایەنانە و خۆسەپاندن، لەو پێناوەشدا دەستبەرداری بەها پیرۆزەکانی گەلەکەمان و دۆزە ڕەواکەی نابین لە ژێر هیچ پەلامار و فشارێکدا.
هەنگاوەکانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و هاتنی لیژنەی دەرخستنی ڕاستییەکان بۆ لێکوڵینەوە لە پەلاماری سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر تەوەرێکی دیکەی گفتووگۆکان بوون، سەرۆک بارزانی ستایشی ڕۆڵی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد ،کە هەوڵی جیددی داوە بۆ بەدواداچوون و گەیشتن بە ڕاستییەکان و ئەرکە دەستوورییەکانی سەرشانی جێبەجێکردووە بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە خەڵکی کوردستان کرا.
لە کۆتایی دیدارەکەدا بیروڕا لە بارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەکە و دوایین پێشهاتەکان ئاڵوگۆڕکران.
ئەم بابەتە 12005 جار خوێندراوەتەوە