​​​​​​​سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد

پەیامی کورد    ...  سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە سەلاحەدین ، مەسعوود بارزانی پێشوازی لە مارک برایسن ڕیچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە دەیڤد ھانت ، کۆنسووڵی گشتی بەریتانیا لە ھەولێر ئامادەیی بوو ، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سیاسی عێراق و کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم پڕۆسەی سیاسی عێراق و ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەتی ئایندەی عێراق تاووتوێ کران.

ھەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی جەختی لە پێویستی پابەندبوونی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە پڕەنسیپەکانی شەراکەت و ھاوسەنگی و سازان کردەوە.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت حکوومەتی عێراق ڕێز لە مافی خەڵکی کوردستان و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێت و هەموو لایەک ڕێز لە دەستوور و قەوارەی ھەرێمی کوردستان بگرن.


ئەم بابەتە 11995 جار خوێندراوەتەوە