سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی فینلەندا لە عێراق کرد

پەیامی کورد   ...  سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی فینلەندا لە عێراق کرد

 یەکشەممە 14ی 1ی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئانۆ سارێلا، باڵیۆزی نوێی فینلەندا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا باڵیۆزی فینلەندا دڵخۆشی خۆی دەربڕی بە سەردانکردنی بۆ هەرێمی کوردستان و سەقامگیری و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند.

لە درێژەی دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە بە گشتی و پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرایەوە.

سەرۆک بارزانی، سوپاسی باڵیۆزی فینلەندای کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و سوپاسی گەل و حکوومەتی فینلەندای کرد لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان و هەروەها ستایشی ڕۆڵی هێزەکانی فینلەندا و هاوپەیمانانی کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێشکەشکردنی هاوکاریەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵی داوە ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لە سەقامگیری عێراق.

باڵیۆزی فینلەندا ڕۆڵ و ئەزموونی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستانی لە ئاستی ناوچەکەدا بەرز نرخاند.


ئەم بابەتە 12008 جار خوێندراوەتەوە