سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد

پەیامی کورد   ...   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد

رۆژی پێنجشەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە دکتۆر محەمەد ئەلحسسان نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.

لەم دیدارەدا باس لە هەنگاوەکان و دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و جەخت لەسەر پێویستی پێکهێنانی کابینەی تازە و دەست بەکاربوونی لەم دۆخە سیاسییە هەستیارەی لەئارادایە کرایەوە.

هەر لەم دیدارەدا تیشک خرایە سەر پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سوریا و ناوچەکە بە گشتی و باس لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بیری تووندڕەوی کرایەوە و ئەگەری دزەکردنی تیرۆرستان لە سوریا بە مەترسییەکی جیددی دانرا کە کاریگەری بۆ سەر عێراق و ناوچەکە بە گشتی دەبێت، هەر پەیوەست بەم باسەوە هەماهەنگی ئەمنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕال بە گرنگ زانرا.

هەردوولاش هیوایان خواست دۆخی سووریا ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و کێشە و گۆڕانکارییەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە بەرژەوەندی گەلانی سووریا بگات بە چارەسەر.


ئەم بابەتە 82 جار خوێندراوەتەوە