سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتی کۆریای باشوور لە ھەولێر دەکات

پەیامی کورد     ...   سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسووڵی گشتی کۆریای باشوور لە ھەولێر دەکات

رۆژی دووشەممە ٢٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە چۆی کوانگ ژین کونسووڵی گشتی کۆریای باشوور لە ھەولێر کرد.

لە دیدارەکەدا کە کونسووڵی گشتی کۆریای باشوور بەمەبەستی ماڵئاوایی و بەھۆی کۆتایهاتنی ئەرکەکانی سەردانی سەرۆک بارزانی کردبوو، زۆر سوپاسی میوانداری گەلی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کرد و دڵخۆشی خۆی بە کارکردن لە ھەرێمی کوردستان و نزیکبوونەوەی لە کولتووری کوردستان خستەڕوو.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ھێزەکانی زەیتون لە دروستکردنی پەیوەندی نێوان گەلی کوردستان و گەلی کۆریا، جەخت لە قووڵترکردنی ئەو پەیوەندیە کرایەوە و سەرۆک بارزانی کونسووڵی گشتی کۆریای باشووری وەک دۆستێکی نزیکی گەلی کورد ھەژمارکرد و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

دوا پێشھاتەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق تەوەری تری ئەو دیدارەبوو.


ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە