سەرۆک بارزانی پێشوازی لە گیلبێرت میتران کرد

پەیامی کورد     ...      سەرۆک بارزانی پێشوازی لە گیلبێرت میتران کرد

ئەمڕۆ سێشەممە ٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە کەسایەتی فەرەنسی و کوری خاتوو دانیال میتران، گیلبێرت میتران کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ ھاوسۆزی و ڕۆلی مێژوویی خاتوو دانیال میتران لە یارمەتیدانی گەلی کوردستان ھەبوو ، و بە مرۆڤێکی مەزن و دۆستێکی گەورەی وەسفکرد و جەختی لەوە کردەوە کە دڵسۆزی و فرمێسکەکانی خاتوو دانیال میتران بۆ مەزلوومیەتی گەلی کورد ھەرگیز لە یاد ناچێ و ، راشیگەیاند گەلی کوردستان ھەرچی بۆ یادی خاتوو دانیال میتران بکات ھەر کەمە و لە ئاست یارمەتی و دڵسۆزی خاتوو دانیال بۆ گەلی کوردستان  نیە.

سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرۆک فرانسۆا میتران ، سەرۆکی کۆچکردووی فەڕەنسا و ھاوسەری دانیال میتران کرد، کە ڕۆلی بەھێزی ھەبوو بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە دوای ڕاپەرین.

سەرۆک بارزانی سوپاسی گەلی فەرەنسا و حکوومەت و سەرۆکەکانی فەڕەنسای کرد کە لە ھەموو بارودۆخێکدا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوون.

لە بەرانبەردا گیلبێرت میتران سوپاسگوزاری خۆی بۆ سەرۆک بارزانی و گەلی کوردستان راگەیاند بەرانبەر ئەو وەفایەی بۆ خاتوو دانیال میتران ھەیانە.

جێگەی ئاماژەپێدانە لەم دیدارەدا باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و کونسووڵی فەڕەنسا لە ھەولێر ئامادەبوون.


ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە