سەرۆک بارزانی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پەیامێک بڵاو دەکاتەوە
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی پرسەی خاتوو زەکیا مستەفا بارزانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدەکات بە ناوی خۆم و هەموو ئەندامانی خانەوادەی بارزانییەوە سوپاسی ئەوانە دەکات کە بەشداری پرسەکەیان کردووە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆك بارزانی
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بە ناوی خۆم و هەموو ئەندامانی خانەوادەی بارزانی، سوپاسی بێ پایانی خۆمان ئاراستەی بەرپرسانی فەرمی و حكوومی و حزبیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و باڵیۆز و كونسووڵ و نوێنەری ووڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هێزی هاوپەیمانان و پیاوانی ئایینی و نوێنەری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و سەرۆك و نوێنەری هۆزەكانی باشوور و ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق و نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاكادیمی و وەرزشی و فەرماندە و هێزە قارەمانەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنیەکان و هێزەکانی ناوخۆ و بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و ڕاگەیاندنكاران و هەموو چین وتوێژەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و سەرجەم کوردستانییانی ئازیز لە هەر چوار پارچە و دەرەوەی ووڵات دەكەم كە تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردن لە پرسەی خوشكی خوالێخۆشبوومان (زەكیا مستەفا بارزانی) و هاوسۆزی و هاوخەمیان دەربڕی و لە خەمی ئێمەیان كەم كردەوە.
هەروەها سوپاسی هەموو ئەو سەرۆك و بەرپرس و كەسایەتیی وڵاتان و دۆستانی بیانی و هەموو ئەو بەڕێزانەی دەرەوە و ناوخۆی كوردستان و عێراق دەكەم كە لە ڕێگەی تەلەفۆن و بروسكە و پەیامی سەرەخۆشی لە خەمی ئێمەدا شەریك بوونە.
هاوبەشیی خەڵكی ئازیزی كوردستان و دۆستانمان، لە خەم و پرسە و كۆستەكاندا هەردەم جێگەی ڕێز و تەقدیرمانە. پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو خەڵكەی لە دوور و نزیكەوە هاتبوون و ئەركیان كێشا و لە خەمی ئێمە بەشدار بوون. لێرەدا سوپاسی هاووڵاتیانی خۆشەویستی شارۆچكەی سەلاحەددین دەكەم كە لەو چەند ڕۆژەدا تەحەمولی زەحمەتی و قەرەباڵغی پرسەكەیان كردووە، و میوانداری خەڵكیان كردووە. هەروەها سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی ناوخۆ و تیمە تەندرووستییەكان دەكەم كە ئەركی ڕێكخستنی ڕێگەوبان و ئاسایش و ئاسانكاریان بۆ میوانان لەسەر شان بوو.
لە خودای مەزن داواكارم خێری هەمووان بنووسێت و لە بەڵا و ناخۆشی دوور بن، ڕەحمەتی خودا لە كۆچكردووی هەموو لایەك بێت.
مەسعوود بارزانی
26ی شوباتی 2024
ئەم بابەتە 11789 جار خوێندراوەتەوە