سەرۆک وەزیرانی عێراق : نیگەرانین لە ئامادەبوون و دەستێوەردانی ئیسرائیل لە سووریا
پەیامی کورد ... سەرۆک وەزیرانی عێراق : نیگەرانین لە ئامادەبوون و دەستێوەردانی ئیسرائیل لە سووریا
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەخنەی لە دەستێوەردانی دەرەکی لە کاروباری سووریا گرت و جەختی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ووڵات و بڕیاردانی سەربەخۆی گەلی سووریا کردەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک ، بە پشت بەستن بە کەناڵی جەزیرەی قەتەر، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە بەغدا نیگەرانە لە دەستوەردانی دەرەکی لە سووریا بەتایبەتی بوونی هێزەکانی ئیسرائیل لەسەر خاکی ئەو ووڵاتە.
ناوبراو وێڕای پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی و سەروەری سووریا جەختی کرد: هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆی سووریا جێگای قبووڵ کردن نییە و تەنیا گەلی سووریا دەبێ بڕیار لەسەر داهاتووی ووڵاتەکەیان بدات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق هەروەها ئاسایشی سووریای بە گرینگ زانی بۆ سەقامگیری عێراق و ووتی: ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە هەردوو ووڵات پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە یەکەوە هەیە.
سەرچاوە خۆجەیی یەکانی سوریا ڕۆژی سێشەممە ٩ی نیسان ڕاپۆرتیان دا کە هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل بە چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەڵیانکوتایە سەر "تل ئەلسیفار" لە جەرگەی قونەیترە لە باشووری سووریا.
بوونی بۆشایییەکی بەربڵاوی ئەمنی لە ناوچەکانی باشوور و بەتایبەت پارێزگای قونەیترە، وایکردووە سوپای ئیسرائیل لە دوای ڕووخانی حکوومەتی ئەسەد لەو ناوچانە پێشڕەوی بکات.
هەروەها سوپای ئیسرائیل لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ئامانجی جۆراوجۆری لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سووریا و بەتایبەت شاری دیمەشق و دەورووبەری بۆردومان کردووە.
ئەم کارە دوای ئەوە هات کە بێنیامین ناتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل داڕمانی ڕێککەوتنی "جیابوونەوە"ی نێوان سووریا و ئیسرائیلی لە ساڵی ١٩٧٤ لە بەرزاییەکانی جۆلان ڕاگەیاند.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بەرفراوانی بۆسەر ئامانجە سەربازییەکان لە سووریا ئەنجامدا و لە ئەنجامدا زیانێکی زۆر و کوژرانی هێزەکانی جۆلانی و هەروەها چەند هێزێکی تورکیای لێکەوتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی حکوومەتی سووریا کە بنکەکەی لە سوریایە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات و ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی 30 خولەکدا هێرشیان کردووەتە سەر پێنج ناوچەی جیاوازی سووریا و بەهۆیەوە نزیکەی تەواوەتی فڕۆکەخانەی حەما و کوژران و برینداربوونی دەیان کەسی لێکەوتووەتەوە.
دوای ئەم هێرشانە کە بە یەکێک لە بەربڵاوترین هێرشەکانی ئیسرائیلی یەکان دادەندرێت، سەرچاوە عیبری زمانەکان باسیان لە پێکدادانی چەکداری لە نێوان سوپای ئیسرائیل و گەلی سووریا لە باشووری ئەو ووڵاتە کرد.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، لە تێکهەڵچوونەکانی پارێزگای دارا لە باشووری سووریا لانیکەم ١٠ کەس کوژراون و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەم بابەتە 36 جار خوێندراوەتەوە