سەرەڕای پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق گۆڕانکاری گرینگ لەم بەشەدا دەکرێت
پەیامی کورد ... سەرەڕای پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق گۆڕانکاری گرینگ لەم بەشەدا دەکرێت
بڕیارە ئەمساڵ لەگەڵ پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای بوودجەی گشتی عێراق، گۆڕانكاری لە فۆڕمی خۆراكیشدا بكرێت، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی ش دەڵێ، پێشنیاز كراوە ماددەكانی نێو فۆڕمی خۆراك لە چوار ماددەوە بۆ ھەشت ماددە زیاد بكرێن.
نەوزاد كامل، بەڕێوبەری گشتی بازرگانی، رایگەیاند: "بە ھۆی نەبوونی یاسای بوودجەوە، ساڵی رابردوو كەمتر خۆراكی مانگانە بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەش كراوە، چوونكە كە بوودجە نەبوو، تەنیا یەك لەسەر سێی بوودجە خەرج دەكرێت، ئەوەش كاریگەری كردە سەر كەمكردنەوەی ماددەكانی خۆراكی مانگانە".
بەڕێوبەری گشتی بازرگانی دەڵێت: "ئەمساڵ پێشنیاز كراوە ماددەكانی خۆراك لە چوار ماددەوە بۆ ھەشت ماددە زیاد بكرێن و مانگانەش دابەش بكرێت، بەڵام ھێشتا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پەسەند نەكراوە بۆ ئەوەی جێگیر بكرێت".
نەوزاد كامل روونیشی كردەوە: "پارەیەكی زۆر لەنێو پڕۆژەیاسای بودجەدا بۆ كڕینی بەشەخۆراكی مانگانەی ھاووڵاتیان دیاری كراوە و ئەگەر ئەوە پەسەند بكرێت، ئەوا بۆ ئەمساڵ دەتوانین خۆراكی زیاتر دابەش بكەین".
ئەم بابەتە 11990 جار خوێندراوەتەوە