سەعدی پیرە باسی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکیتی دەکات

پەیامی کورد    ...   سەعدی پیرە باسی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکیتی دەکات

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای کێشەکان لەسەر ئاستی باڵا ڕۆژانە پەیوەندی لە نێوان پارتی و یەکێتیدا ھەیە و دەڵێت، پێویستە پارتی و یەکێتی بە یەکگرتوویی بچنە بەغدا.

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، ڕایگەیاند: "ھەموو ڕۆژێک پەیوەندی لە نێوان ئێمە و پارتیدا ھەیە و لە ڕێگەی دیدار و تەلەفۆنەوە پەیوەندیمان ھەیە و لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندی بە یەکەوە دەکەین، چوونکە پێویستە ھەردوولا بزانن کورد بە یەکگرتوویی نەچێتە بەغدا خراپە و ئەوانەی ھانی ئەوە دەدەن کورد بە پچڕپچڕ بچێتە بەغدا، بێگومان مەبەستیان ئەوەیە ھەرێمی کوردستان بەرەو لاوازی بچێت، ئینجا ئەو لایەنانە عێراقی بن، یان لایەنی ھەرێمی و دەرەکی بن.''

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت: "ئێستا بەرپرسیاریەتی یەکێتی و پارتی، بەتایبەتی کاک مەسعوود و کاک بافڵ ە کە ھەوڵ بدەن ئەو بابەتە چارەسەر بکەن و، کارێکی وەھا بکرێت کورد تووشی پچڕپچڕی نەبێت.''

سەعدی پیرە ڕوونیشی کردەوە: "ئومێد دەکەین دیدارەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئەنجامێکی باشیان ھەبێت، چونکە خەڵکی کوردستان چاوەڕێی ئومێدە لە پارتی و یەکێتی و، پارتی و یەکێتی کۆ دەبنەوە، ئەگەر کۆبوونەوە نەکرێت ئەوە خراپە، ئێمە پێکەوە شەریکین لە حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا لە عێراقیش شەریکین، ئاستەنگ بۆ ھەر یەکێک لەو دوو حزبە درووست بکرێت، کارێکی باش نییە، لەبەر ئەوەی ئێمە ووڵاتێکی خاوەن سەروەری نین و ھەرێمی کوردستان ھەڕەشەی لەسەرە، چوونکە ئێمە ووڵاتێکی سەربەخۆ نین، ھەموو ھەوڵێک دەدەین کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دروست نەکرێت.''


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە