سەعدی پیرە هەڵوێستی حێزبەکەی دەربارەی حکوومەتی داهاتووی عێراق رادەگەینێت

پەیامی کورد     ...   سەعدی پیرە هەڵوێستی حێزبەکەی دەربارەی حکوومەتی داهاتووی عێراق رادەگەینێت

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، یەکێتی لەگەڵ سەقامگیری، بەرقەراربوونی ئاشتی و پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێزە لەعێراق کە ببێتە جێگەی رەزامەندی گەلی عێراق، هەروەها لەگەڵ ئەوەدایە حکوومەتی داهاتو  بەرنامەیەکی کاری پڕ خزمەتگوزاری بۆ کۆمەڵانی خەڵک پێشکەش بکات بۆ ئەم بابەتەش حزبەکەیان گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی عێراق و هەرێم دەستپێکردوە.

سەعدی ئەحمەد پیرە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری هەولێر لەگەڵ شاندێکی یۆنامی کۆبوەوە کە پێکهاتبون لە فرانسیس لاناو بەرپرسی بەشی سیاسی لە یۆنامی ئۆفیسی هەولێر، لینارت نیکۆلای و عەزیز بەرزنجی راوێژکاری سیاسی لە یۆنامی، لەدیدارەکەدا باسی دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستان و ئەگەر و پێشهاتەکانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کراوە.

لەکۆبوونەوەکەدا سەعدی ئەحمەد پیرە باسی لەوەکردوە، "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ سەقامگیری و بەرقەراربوونی ئاشتی و پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێزە لە عێراق کە ببێتە جێگەی رەزامەندی گەلی عێراق و پیشکەشکردنی بەرنامەیەکی کاری پڕ خزمەتگوزاری بۆ کۆمەڵانی خەڵک ، بۆیە پەیوەندی و گفتوگۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە رۆژەکانی دوای هەڵبژاردن لەگەڵ سەرجەم هێز ولایەنە سیاسییەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم بابەتە لەئارادایە".

لای خۆیانەوە شاندی نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتوەکان لەعێراق باسیان لە بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن کردوە و ئاماژە بەوەداوە، خوازیاری ئەوەن کە هێز و لایەنە سیاسییەکان بەشێوەئەکی ئاشتیانە بگەنە رێکەوتن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.


ئەم بابەتە 11988 جار خوێندراوەتەوە