سەعدی پیرە پەیامێک سەبارەت بە ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕادەگەێنێت
بڕیارە دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، لایەنەکان بکەونە دانووستان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بەرپرسێکی یەکێتیش دەڵێ، سەرۆکی ھەرێم ڕۆڵی ھەبووە لە کۆکردنەوەی لایەنەکان و پێویستە پێش ئەوەی بچینە بەغدا، کۆبوونەوەی لایەنەکان بکرێت.
سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ، رایگەیاند: "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێی باشە ھەرێمی کوردستان بە یەک پاکێج بچێتە بەغدا بۆ دانووستان، چوونکە ئێمە یەک قەوارەین وەک ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوە بۆچوونی یەکێتی ئەوەیە ھەموو ئەو لایەنانەی لە ھەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەر کورسییان بەدەست ھێناوە، کۆببنەوە و بە پڕۆژەیەکی ھاوبەش و شاندێکی ھاوبەش دەست بە دانووستان بکەن لەگەڵ بەغدا".
بەرپرسەکەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "چەندین کێشەی ھەڵواسراو لە نێوان ئێمە و بەغدا ھەن، ماددەکانی دەستوور و پرسی پێشمەرگە و سەرھەڵدانەوەی داعش و پرسی کۆچی گەنجان و بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان، ھەموو ئەوانە پێویستە بکرێنە یەک پاکێجی لایەنە کوردستانییەکان بۆ دانووستان لەگەڵ بەغدا".
لەبارەی ھەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکان، سەعدی پیرە دەڵێت: "ھەوڵ ھەن و ھەر دوای ھەڵبژاردن پارتی سەردانی لایەنە سیاسیەکانی کرد، لەوێ ئەو بابەتە باس کرا، کێشە نییە لە کوێ کۆدەبینەوە، گرینگ ئەوەیە کۆببینەوە، یەکێک لە ئەرکەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بێگومان ئەوەیە لایەنەکان ئاگادار بکاتەوە و کۆیان بکاتەوە پێش ئەوەی بچنە بەغدا، پێشتریش چەند جارێک سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەم کارەی کردووە و سەرکەوتوو بووە لە کۆکردنەوەی لایەنەکان و خەڵکیش گوێی لێ دەگرێت".
ئەم بابەتە 11987 جار خوێندراوەتەوە