سەعدی پیرە پەیامێک سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەکیتی بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد      ...   سەعدی پیرە پەیامێک سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و یەکیتی بڵاو دەکاتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکیتی نیشتمانی کوردستان گەشبینە لە کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی و دەڵێ، کۆبوونەوەی رابردووی نێوان پارتی و یەکێتی ئارامی زۆری بە شەقامی کوردی بەخشی و پێکەوە وەرەقەیەک بۆ بەغدا ئامادە دەکەن.

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، رایگەیاند: "کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بە ئەرێنی دەبینم، لەبەر ئەوەی بەداخەوە زۆرجار لە ماوەیەکی درێژ کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی بەڕێوە ناچێت، ئەوەیش وای کردووە کە راگەیاندنی نادۆست رۆڵی خراپ بگێڕێت لە کۆنەبوونەوەی پارتی و یەکێتی، لەبەر ئەوەش من لەگەڵ ئەوەدام پارتی و یەکێتی زوو زوو کۆ ببنەوە، ئەگەر بابەتی بنەڕتییش باس نەکرێن، بەڵام ئێمە پێکەوە لە حکوومەتین و رەوشی خەڵک پێویستی بەوەیە کۆ ببینەوە، بەتایبەتی لە عێراق خەریکی پێکھێنانی حکوومەتی نوێیە.''

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەشڵێت: "ڕەنگە لە کۆبوونەوەی رابردوو نەچووبینە نێو ووردەکاری ھەموو بابەتەکان، ئەوەی گرینگە کۆ بوونەوە و تەبایی نێوان ھەردوو لایەن زۆر ئارامی بە شەقامی کوردی بەخشی، خەڵک وای وێنە دەکرد پارتی و یەکێتی زۆر لێک دوورن، ئێمە و پارتی زۆر لێک دوور نین، بەڵام جیاوازیمان ھەیە و دەبێت لە رێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکەین.''

سەعدی پیرە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارتی و یەکێتی ھەردوولا ھاوڕاین پێکەوە وەرەقەیەک بۆ بەغدا ئامادە بکەین، پێکەوە دەستەیەکی ھاوبەش بۆ دانووستان رەوانەی بەغدا بکەین، بێگومان کۆبوونەوەی دیکەش لە ئارادایە و پێویستە قسە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش بکرێت و ئەوانیش بەشدار بن لە ئامادەکردنی وەرەقەیەک بۆ بەغدا و لە شاندی بەغداشدا بەشدار بن.''


ئەم بابەتە 11992 جار خوێندراوەتەوە