سەفین دزەیی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پێکەن و چەند پرسێکی تریش کرد
پەیامی کورد ... سەفین دزەیی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پێکەن و چەند پرسێکی تریش کرد
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین دەکاتەوە و پێشوازی لە دەست پێشخەرییەکانی کونسووڵخانەی چین بۆ وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا دەکات.
دووشەممە، 02-06-2025، 24ـەمین پێشبڕکێی توانستی چینی (پردی چینی) بۆ خوێندکارانی بیانی، لە زانکۆی سەڵاحەددین، لە هەولێر دەستی پێ کرد.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمەکەدا، لە ووتارێکدا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و پەکین و چەند پرسێکی دیکەش کرد.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دووپاتی کردەوە، "زۆر گرینگە لە هەموو بوارەکاندا پەرە بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ چین بدەین. پێویستە هاوڕێیەتی خۆمان لەگەڵ ئەو ووڵاتە بپارێزین، پێشتریش لەگەڵ کونسووڵخانەی گشتی چین لە هەولێر، کارمان لەسەر توکمەکردنی هاوڕێیەتییەکەمان کردووە."
سەفین دزەیی، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئــاماژەی بەوەشدا، "پێشوازی لە دەستپێشخەرییەکانی کونسووڵخانەی چین بۆ کارکردن و وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکاندا لە هەرێمی کوردستان دەکەین و بە بایەخەوە لێیان دەڕوانین. جەخت دەکەینەوە، دەمانەوێت کارکردن و هاوبەشیمان لەگەڵ ئەم ووڵاتە زیاتر بکەین."
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەوەشی خستە ڕوو، "ساڵانە سەردانی دوولایەنە لە نێوان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و چین دا هەیە، هاووڵاتییانمان دەچنە ئەو ووڵاتە، ئاشنای کەلتوور و مێژوویان دەبن، هی ئەوانیش بەهەمان شێوە دێنە شارەکانمان. کاتێک بۆ نموونە، هاووڵاتییانی چینی دێنە هەولێر، زۆر ستایشی ئارامی و ئاوەدانی شارەکە دەکەن، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵیمانە."
پێشبڕکێی "پردی چینی" پێشبڕکێیەکی جیهانی زمانی چینییە و لە ساڵی 2002ـەوە لەلایەن سەنتەری پەروەردەی زمان و وەزارەتی پەروەردەی چینەوە ساز دەکرێت. ئامانجی پێشبڕکێکە، کارلێک و کێبڕکێیە لە نێوان فێرخوازانی چینی لە سەرتاسەری جیهان و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ پیشاندانی تواناکانی زمانیان و تێگەیشتن لە کلتووری چینی.
ئەم بابەتە 30 جار خوێندراوەتەوە